عەباس مەعرووفی     و: شەریف فەلاح

رێگا درێژ و نەبڕاوە بوو، من لە تەپۆڵكەی ماهووریەوە سەركەوتم و لە سەراولێژییەكەدا  جاڕە گەنمێك هەبوو بە گوڵی زەرد و سپی لێرە و لەوێ‌. خۆریش لە شوێنێك بوو كە نەمدەدیت، یەك دوو دارێكیش لە خوارترەوە لەژێر تینی هەتاودا ئارەقیان دەڕشت. بەدوای جۆگە یان رووبارێكی ئاودا چاوم دەگێڕا كە ئاوێك بە سەروچاومدا بكەم، لەبیری ئاوێنەدا بووم. پتر لە گشت بەدوای ئاوێنەدا ئەگەڕام. دەمزانی سەروسەپكم شێواوە و هەتا بە تۆ گەیشتبام، دەبا زۆر رێگای دیكەم بڕیبا.

هەموو شوێنێك لە یەك دەچوو؟ هەتا ئێستا نەمدیتووە شوێنێك لە شوێنێكی دیكە بچێ‌، هەر دارێك بۆ خۆی لق و بەژن و گەڵایەكی هەیە، هەر دەشتێك عەتر و بۆنی خۆی دەپڕژێنێ‌، تۆ لەگەڵ هەموان جیاوازی، بە چەشنێك كەلە نێوان هەزاران مرۆڤدا بە دەنگی هەناسەكانتدا تۆم دەناسییەوە، دڵەكوتە و شڵەژانەكانت لەو شەوانەی كەلە خەو رادەچڵەكای و یەكڕاست ئەهاتیە ژووری كارەكەم هەتا لە ئامێزت گرم و ئارامت بكەمەوە.

"خەونت بینیوە؟"

"ئم."

هەروا لە باوەشمدا لە پشت میزەكەوە چاوت دەبڕیە چەند هێڵیك و هەڵم دەگرتی و دەمبردی كە بخەوییەوە.

" تۆ نازنازییە بچكۆلانەكەی منی؟"

"ئم."

بۆنی كەزییەكانتم لە هێورترین خەونی ژیانما هەڵدەمژی و لە پەناتدا خەونی تۆم دەدیت. سەیر نیە؟ مرۆڤ لە پەنای یەكێك خەوتبێ‌ و خەونیشی پێوە ببینێ‌، دایم بە حەسرەت و ئاواتی تۆوە بووم و ئیدی تەوفیر (جیاوازی)ی بۆم نەبوو كە بەخەوەر بم یان لە خەو، بوونت وەكوو هەناسەكانم نیشانەی زیندوو بوونم بوو، هەبوویت، نەك وەكوو ئەم رۆژانەی كە لەبەر دووری و دڵتەنگیت خەوم پێیا نەدەكەوت، كاتێك خەوم پێیا ئەكەوت ئیدی دڵم نەدەهات بەخەوەر بێمەوە. لەناو خەونمدا رێت دەكرد و منیش مەست لە تەماشا و دەترسام لەوەی كە بە ئاگا بێم و لەلام نەبیت، هەراسان دەبووم.

ئێستا دوای دوو رۆژ بێ‌ خەوی كێشان دڵەكوتە و خولیای بینینت، نەختێ‌ لاواز ببووم، لەڕ و لاوا ز نەخۆش، رێگا درێژ و نەبڕاوە بوو. جاڕە گەنمی پان و بەرین، جاری گەنمە شامی لە هەر دوولای كوێرەڕێوە شین دەبوو و من بەرلەوەی كە ببینم، لە بونی گەنم و گەنمەشامی و "شەوەرگ" (شبدر)ەوە تێدەگەیشتم كە ئێستا خەریكم لە پەنای مەزرای رۆژیارپەرستەوە تێدەپەڕم.

بارەكەم نەبوو، كۆڵە پشتییەكی قورس و جانتایەكی دەستیی گەورە ئەو شتانە بوون كە بۆ تۆم دەهێنان و هەروەها چەند فایلێك بە توندی لە باوەشم گرتبوون، پەروەندەكانم بوون. ئەو شتانەی كە نوسیومن و تۆ نەتخوێندوونەتەوە، ئەو وێنانەی كەلە تەنیاییدا لە تۆم گرتوون، پەرەوەندەی ژیانم، ماوەی تەمەن، كاتی لەدایك بوون و مەرگ، رابردووم، ئایندە و تەواوی ئەو شتانەی كەلە لای مرۆڤێك هەن، زەین و بیرۆكە، ئەو فكرانەی كە دواتر بە مێشكی مرۆڤدا دێن، بڕیارەكان، نەخشەی جەیتەم كە دەریدەخست چی دەبێتە هۆی ئەوەی كە من بگریم، چی دڵخۆشم دەكات، بۆچی نەخۆش كەوتم و زۆر شتی دیكە.

من ئەم پەروەندەیەم شەوی پێش لە سەفەر سەروبن كردبوو، خاڵ بەخاڵم بە وردی سپاردبووە مێشكم، هەموو شتم دەزانی، بەڵام ئێستا كەلە رێگا بووم، هیچ لەوانەم لەبیر نەمابوو. دەڵێی تەنیا دەزانم رۆژێك لەدایك دەبم و رۆژێكیش دەمرم. شتەكانی دیكەم نەدەزانی. بە تەواوەتی لەبیرم چووبوونەوە. تەنیا ئەوەی كە دەمزانی دێم تۆ ببینم لە هەموو شتێك گرینگتر بوو. دەمزانی چت لەبەر كردووە و تەنانەت دەمزانی لە كوێ‌ راوەستاوی، لاقێكت بە دارەكەوە هەڵپەساردوو ە و لە هەر دوولاوە كەفی دەستەكانت لكاندووە بە قەدی دارەكەوە. هەركە دەمبینی باڵ دەگرییەوە و هەڵدێی كەلە ئامێزت گرم. دەمزانی كە گوڵاوییەكی بچووكت بەدەستەوەیە.

نا، نەمدەزانی. كاتێك گەیشتمە جێ‌، لە سێبەری دارە بییەك، لە نێوان دوو لقی ئەستوور جێگایەكت دیتبۆوە هەتا چاوەڕێ‌ دابنیشی. 

جاكەت و پاتۆڵی سەوزت لەبەردا بوو. وەكوو جاڕە گەنمە شامی سەوزی سەوز.

وتم:"ئێرە كوێیە؟"

وتت:" دەتەویست كوێ‌ بێت؟" و خۆت خستە باوەشم. نازانم بۆ دەمەویست لە باوەشما بتشارمەوە، داتبپۆشم و دەستەكانم بەدووری جەستە و قەدتدا بسووڕێن.

دیسانەوە هەمان بۆنی هەمیشەیی جاران لە زەینمدا لوولی خوارد و دیسانەوە هەموو شتم لەبیر چۆوە. پەروەندەكان لە بن باخەڵم داكەوتبوون، جانتا دەستی و كۆڵە پشتییەكەش چەند هەنگاو ئەولاتر لەسەر عەرز كەوتبوو. ئەو قسانەی كە لەناو رێگادا بیرم لێیان كربۆوە، ئێستا نەمدەزانی چن و لە بنەڕەتدا نەمدەزانی چ گرینگیەكی هەیە؟ وەبەر خۆمەوە وتم هەر ئەوەی كە تۆ لێرەیت و من بۆنی جەستەت هەڵدەمژم، یانی هەموو قسە و حیكایەتەكان و ئەمەش یانی هەموو دڵتەنگی و پەرۆشییەكان لەبیر چوونەوە، وەكوو مۆتەكەیەكی لەمێژینە تەواو بوون، دەڵێی ئەو هەموو دووری و چاوەڕوانیانە چاو ترووكانێك بووە. لەبیرم چووبۆوە كە چوار مانگ شەو و رۆژ چكە و كاتەكانم پێكەوە گرێ‌ بەستووە هەتا هەتا ئەم رێگایە ببڕم و بگەمە ئێرە چەندە جوانە، بڕوانە.

 "شتێكت وت؟"

وتم: "من؟" و دستتم گرت و لە پەنات دانیشتم. هەر وا كە پاڵم بە دارەكەوە دابوو لاقەكانم درێژ كرد و حەزم دەكرد بۆت باس بكەم كە لەناو رێگا ئەو شتانەی كە دیتم بەردەوام وەبیری تۆیان دەخستمەوە، بۆ وێنە ئەسپێكم دیت، وەكوو منداڵ وتم: گا. تۆ وتت نا، ئەسپ و من هەر حەیوانێكم دیتبوو وتم ئەسپ، تۆ وتت نا، مەڕ. پێدەكەنین و دەڕۆیشتین و دەمانڕوانی. لەبیرت ماوە؟

درێژیی رێگاكەمان هەر بەو یارییانە بڕی و هەتا چەند گوندێكمان تێپەڕاند وەكوو چاو ترووكانێك بوو، وەكوو بریسكەیەك هات و رۆیی، منیش مەستانە لەگەڵت دەدوام، لە رێگای گەیشتن بە تۆدا مرۆڤ هەموو شتی لەبیر دەچێتەوە، لە ماندوویەتی و بارگرانی ناگات، هەندێ‌ هەست و سۆز هەموو دەمارە مردووەكانی مرۆڤ زیندوو دەكاتەوە، دەزانی؟ بە تەواوەتی پەشیمانم لە نەبوونت، فێر بووم و تێگەیشتم كە مرۆڤ لە یەك جار زیاتر ناژیت، بۆیە باشتر وایە هەموو شتێ‌ بكاتە قوربانیی ئەم دەرفەتە، لەوە تێگەیشتم لە كوێ‌ كورتیم هێناوە، لە كوێ‌ هەڵی چاو لێكردنی تۆم لە دەست داوە، لە كوێ‌ بە تەنێ‌ نانت خواردووە، من هەموو ئەو رۆژانەی كە بە تەنیا نانم خواردووە هەموو رۆژێ‌ پێوەی گریاوم. لە كوێ‌ بەجێم هێشتی، لە كوێ‌ بەجێت هێشتم؟ نەبوونت خراپ بۆم شكایەوە، بووم دڵۆپە ئاوێك و رۆچووم، لەوە تێگەیشتم كە درەنگی و مكووڕییەكانی من چەندە دڵتیان رەنجاندبوو، ئەگەریش خراپ بووم، بەڵام خۆ دەتزانی هەر هی منی، عەشقی من!

"گیانەكەم؟"

وتم: "هیچ. من شتێكم نەوتووە." ئاماژەم بە پەروەندەكان كرد: "ناتەوێ‌ ئەمانە ببینی؟"

"من خەریكم لەوێ‌ دەڕوانم، دایبنێ‌ بۆ دوایی."

"چاو لە كوێ‌ دەكە؟ بە منیشی پیشان بدە."

"ئاوا بوونی خۆر." 

 "ئاوا بوونی خۆر؟ خۆر كە لەوێ‌ نیە، پێم وایە لە پشت سەرمانەوە بێت. ئەمڕۆ هەر نەمبینیوە. هەموو شوێنێك خۆرەتاوە، بەڵام خۆرم نەبینیوە." دیسانەوە وەكوو تۆ، چاوم بڕییەوە دیمەنە دوورە دەستەكە. لەو دوورانەوە كەسێك كولارەیەكی فڕاندبۆوە ئاسمان كە نیگای من لەگەڵ لە ئاسمان بگەڕێ‌، بڕۆینە شوێنێكی دوورتر لێرە. جێگایەك كە با دیار نەبێت دەزووی كولارەكە لە كام لاوە دەكێشرێ‌. دەزوویەك نابینرێ‌، تەنیا بەهۆی كولارەكەوەیە تێدەگەی كە كەسێك سەری دەزووەكەی بە دەستەوەیە، دەی لە كوێیە؟ جا چ تەوفیرێكی هەیە؟

بۆ یەكەم جار كە دیتتم شین بووی، بچكۆڵانە و شین. هەموو روخسارت شادی و شەرمی كەنیشكانە بوو، بەتاڵ لە هەرچەشنە نیگەرانی و خەمێك. لە باوەشم گرتی و دەستم لەناو كەزییەكانتدا گیری كرد و نەماندەزانی بەرەو كوێ‌ بڕۆین. دەورێكمان لێدا و لە هۆڵەكە وەدەر كەوتین. هەر ئەوكاتە تەكسیەك لەبەردەممان راوەستا. چانتاكانمان خستە سندووقی پشتەوە و من لەلای راستەوە سوار بووم، شۆفێرەكە كە پیرە پیاوێكی سەر رووتەڵەی دم بە پێكەنین بوو دەرگاكەی لای خۆی بۆ تۆ كردبۆوە و چاوەڕێ‌ بوو، بەڵام تۆ خێرا بە دوای مندا هاتی، لە چاوترووكانیكدا دیتم لەبەر دەرگای ماشینەكە راوەستاوی كە سوار ببیت، تەنانەت دەرفەتی ئەوەشم نەبوو خۆم بكشێنمە ئەو لاوە، سوار بوویت و لەسەر ئەژنۆكانم دانیشتی.

پیرە پیاوەكە كە هەر پێدەكەنی، نیشتە پشتی سوكانەكە و كەوتەڕێ‌. بە درێایی رێگاكە هەر لە ئاوێنەكەوە لێمانی دەڕوانی و خۆشحاڵ لەوەی كە تۆ لەسەر لاقەكانم جووڵەجووڵ دەكەی و بەخۆشییەوە شتگەلێكم پێ‌ نیشان دەدەیت. تەكسیەكە لە كێوێكەوە سەر دەكەوت و لەو رێگا سەراولێژ و پێچەڵپێچەدا هەرچی زیاتر دەچووە سەرەوە هەوا تاریكتر دەبوو و بەفر قورستر. هەتا ئەوەی كە لە شوێنێك رایگرت و ئێمە رۆیشتینە ناو بینایەكی گەورەوە، ژوورێكیان پێ‌ نیشان داین كە هی من و تۆ بوو.

وەكوو ریشەیەك كە بە ئاو گەیشتبێ، چاو لێكردنی تۆم دەست پێكرد، هەتا ئەوكاتەی چاوت لە فیلم دەكرد من هەر چاوم بڕیبووە تۆ. لە گۆشەی سێهەمی مۆبلەكە دانیشتبووم كە رێك روخساری تۆم پێوە دیار بوو.

دواتر لەو رۆژانەی كە نەبووی، نامەیەكی تۆم دۆزییەوە كە ئامادەم تەواوی تەمەنم بدەم هەتا بۆ جارێكی تر، تەنیا یەك جاری دیكە لە كاتی نامەنووسیندا بتبینم. نامەیەك كە هەتا دونیا دوینایە بۆ دڵتەنگییەكانم بەسە. دەڵێی لەبەرم كردووە:

میلی كاتژمێرەكان تێدەپەڕن و دەڕۆن.

 بۆ كوێ‌؟ نازانم،

تۆ نادیاری هەتا هۆیەكیان تێدا ببینمەوە،

هەموو شتێكم بە خەمۆشی دەوێ‌، تەنانەت هەناسەكانیشم

هەتا چاوەڕەوانیەكانت دوو هێندەی دیكە تێنەپەڕێ‌ و من لە خۆیا نوقم نەكا،

هەمیشە وێنەیەكی چاوەڕوانی بە دیواری چاوەكانمەوە داكوتراوە.

لەبەر ئەوەی كە هیچكاتێ‌ هاتنتم نەبینیوە،

بوونت هەمووی وێنەگەلێكی كێشراوەن كەلە ترسی باران

كشاندوومەتە ژێر تەختەكە.

من لە كوێ‌ ئەم هەموو كل و میلەم بە چاودا هێناوە

كە نە تۆ پێت زانی و نە ئاسمان،

لە كوێڕا كوێر بووم كە وێنەكانیشم هیچ هاوارێكیان لێوە هەڵنەستا؟

كە هەموو شت،

كە هەموو ئاسمان

تەنیا ئەم دسەتانە نیە كە بە سێوێكت بەخشی كە هەموو ئاسمانی منتهەر بەم دەستانە كڕی،

یەخسیرت كرد.

كە نە سێوێك لە زەوێ‌ بڕوێ‌ و نە لە بەهەشت

هەموو ئاسمانت هەر بەم دەستانە یەخسیر كرد، 

هەتا نە لە زەوی شتێك بڕوێ‌ و نە لە بەهەشت داڕمانێ‌؟!

وای دابنێ‌ كە هەموو سێوەكانی زەوی و ئاسمانیشم بە تۆ بەخشی

هەتا بەهار بێتەوە

نابێ‌؟

جا بزانە من بۆ باقی تەمەنم چۆن تاقەت بێنم؟ بڵێی و نەڵێی، ئەم هەستە لە دڵێكدا بووە و ئێستا لە جێگای گلە و گازندە هاتوونەتە گۆڕێ‌. چ بكەم كە هەموو شتێ‌ بگەڕێتەوە بۆ ئەم شێعرە و پاشان دونیا لەلای من كۆتایی پێ‌ بێت؟ لە كوێوە دەست پێ‌ بكەم هەتا بگەمە ئەو خاڵە؟ دە تۆ بیڵێ‌، گوڵە جوانەكەم!

ئاوڕت دایە و بە بزەیەكەوە لە روخسارم رامای: "چی؟"

وتم:"چەندە جوانتر بووی!" و دستتم گرت و سەری قامكەكانتم یەك بە یەك ماچ كرد،

دواتر هەستامە سەر پێ‌ و جانتا دەستییەكەم نایە بەر پێت:"ناتەوێ‌ بزانی چم بۆ هێناوی؟"

"چت بۆ هێناوم؟ با بزانم."

جانتكەم كردەوە، سەرەتا شووشەیەكی بچكۆلانەم دایە دەستت: "شەربەتی بڵالووك كە دڵت نازی بۆی دەكرد." درگای شووشەكەت كردەوە و بە شادییەكی منداڵانە چەند قومێكت خواردەوە:"دەمەویست. دەتەوێ‌؟"

"نا، بۆ تۆم هێناوە، بیخۆوە." دەستم كردە نێو جانتاكەدا و توورەكەیەكی بچووكی سپیم دەرهێنا:" گوڵە ماگنۆلیاكانی باخچەی ماڵەوە."

 توورەكەت لێم وەرگرت و بۆنت پێوە كرد و نووساندت بە سینگتەوە: "بۆنی ماڵە خۆمان!"، دواتر دەستم كرد بەنێو جانتاكەدا، سندووقكێكی بچووكم دەرهێنا كە كاتێ‌ درگاكەی دەكەیەوە، دەنگی دینگ، دینگ لێوە دێت، ئەمەش شوكۆلات، ئەمەش كتێبێك كە هەتا نیوە خوێندبووت، ئەمەش بۆن، ئەمەش نوقڵێك كە هەمیشە كەیفت پێدەهات، ئەمەش ئەو كراسەی كە بەجێت هێشتبووی كە من هەر رۆژە روخساری خۆم تێدا دەشاردەوە و بیرەوەرییەكانی تۆم تێدا هەڵدەمژی، ئەمەش جاكەتێك كە پڕ بە بەری تۆیە و ئەمەش شۆكۆلاتێك كە...

چاوت لە هەر شتێك كە دەكرد، لێتم دەستاند و بە لقی دارەكەوە هەڵم دەواسی، تۆش لە نێوان ئەو هەموو رەنگەدا هەڵدەسووڕای و منیش لێتم دەڕوانی. دواتر هاتیە پەنام و سەرت نا بە سینگمەوە و مات بووی. دەستەكانم بە دەورتدا ئاڵقە كرد، بۆ چەند جار سەرت بە سینەمدا هێنا:"دەترسم. دەترسم بەیانی هەموو شتت لەبیر بچێتەوە."

"عەشق كە شتێكی لەبیرنەكراوە!"

"نا. تۆ ئێستا لەبیرت نیە. لەبیرت نەماوە كە هەمیشە من لەبیر دەكرد."

نەتەنیا من، كەس تۆ لەبیر ناكات. پیاوە زاناكەی ناو بازاری باڵندە فرۆشەكانت لەبیر ماوە؟ هەركات دەڕۆیشتم لێی دەپرسیم هاوسەرە جوانەكەی ئێوە لە كوێیە؟ منیش پێم دەگوت رۆیشتۆتە سەفەر. لەو ماوەیەدا هەموو یەك شەممەیەك دەڕۆیشتمە بازاری باڵندەكان و دەخولامە وە بە لەونێ‌ خۆم پیشانی ئەو پیاوە ژیرە دادا كە لێم بپرسی هاوسەرە جوانەكەت نەگەڕاوەتەوە؟ هەر ئەوەی كە بێگانەیەك ئەو شەهادەتەی دەدا كە جێگای تۆ لەلای من بەتاڵە و ناكرێ‌ فەرامۆشت كەم، بۆ من بەس بوو. یان ئەو كیژۆڵەیەی كە بە شێوەزاری خۆی بانگتی دەكرد، هەر كاتێ‌ لەگەڵ دایكی دەهاتە ماڵمان، یەك بە یەكی ژوورەكان دەگەڕا، بە خەمێكی قووڵەوە كەلە چاوەكانیا حەشار درابوو لێی دەڕوانیم و سەری دەلەقان، یانی لە كوێیە؟ پاكەتە شوكولاتەكەم لە پێشی رادەگرت، دانەیەكی هەڵدەگرت، وەك بڵێی تۆم شاردبێتەوە پشت موبلەكانیش دەگەڕا، سۆراخی تۆی لێدەگرتم و منیش پینگم دەخوارد و گریانەكەم دەشاردەوە كە تێنەگات چ بەڵایەك بەسەرمدا هاتووە.

ئەو چاوەی كە تۆی بینیوە و لە بیرەوەرییدا رایگرتووە بۆ من خۆشەویستە، چ بگا بە چاوەكانی تۆ. چۆن پێم دەكرێ‌ لەبیرت كەم؟ چركە بە چركەی ژیان ئازیەتبارت بووم.

هێندێ‌ جار كات درێژ دەبۆوە و بە جۆرێك بێدەنگی بەناو مێشكی داگیر دەكردم و لەناكاو بەلای داڵانەكەدا وەردەسووڕام و پێم وابوو بە خاولییەكی سپییەوە لەوێ‌ راوەستاوی و دەتەوێ‌ كەزییەكانت ویشك بكەیەوە. چاوەم دەترووكاند و بەدواتدا دەگەڕام كە رێگا رۆیشتنت ببینم، كە دیارت نەبوو ئازارم دەچێشت، خاتوونەكەم!

دەستت بە باسكمدا هێنا و گوتت:"گیان؟"

گوتم:"هەركاتێ‌ ویستت چاو لە پەروەندەكانیش بكە كە پاشان كۆڵەپشتیەكەشت بۆ بكەمەوە."

"چی تێدایە؟"

" باشتر وایە خۆت بیبینی."

"دە ئاخر كاتی زیادەمان نیە."

" یانی چی؟"

" هەر ئەم دوو كاتژمێرە. ئەوپەڕەكەی سێ‌ كاتژمێر كاتمان هەیە كە قسە سەرەكییەكانمان بكەین و بڕیار بدەین، دواتر دەبێ‌ من بڕۆم."

" بڕۆی؟ بۆ كوێ‌؟ "

هەموو توانام خستە گەڕ كە كات بە هێواشی بڕوات، یان رەنگە خێرایی وێنەكان لە چاوەكانما زیاد بكەم هەتا بە هێواشی چاو لە جووڵە و حەرەكەتەكانی دەستت بكەم و وێنەی قامكەكانت بسپێرمە زەینم: " لەوبەری رووبارەكەوە كەسێك چاوەڕێمە."

حەپەسام: " كەسێك چاوەڕێتە؟ یانی كێ‌؟"

" مەپرسە كێ‌ و لەكوێ‌ و چی، كاتی كەممان هەیە."

دیسانەوە ئەو دڵەكوتە و پەرۆشییە لەعنەتییە بۆوە خورەی گیانم، كەوتمە لەترە لەتر و سەرم لە گێژەوە دەهات، تەكان و لەرزەیەك بەناخمدا هات: " لەم زەمەنە كورتەدا چۆن چۆنی من...؟" و بە لاق ئاماژەم بە كۆڵەپشتیە كرد: "ئەدی چ لەمە بكەم؟"

لەسەر چۆك دانیشتی، هەر بەو جۆرەی كە نیگات لەسەر كۆڵەپشتیەكە بوو، پەروەندەكنت بە وردی دەستە دەكرد:" دەبێ‌ لە دەرفەتێكی لەبار و بەكاوەخۆ ئەمانە رێكوپێك بكەم كە پاشان بزانم چی بە چیە." ئەمنیش پاك نوقمی نیگا كردنی قامكە باریكەڵەكەنات بووم، دیسانەوە تاڵە كەزییەكنت رژابوونە سەر روخسارت و بە فۆ كردن لات دایەوە و دیسانەوە داڕژانەوە. تاڵە بەنێكی هەورێشمت بە دەوری كاغەزەكانەوە پێچا و لە جانتاكەت خست:" ئێستا دەزانم چمان هەیە و چمان نیە."

وتت:" پێشتر دەترسام دستەكانم لەسوێی تۆدا بژاكێن، ئێستا ئیتر ترسم لە هیچ نیە."

وتت: "بۆچی وا لێم دەڕوانی؟ ئێستا كە هەموو شتێ‌ لەلای من كۆتایی پێهاتووە؟ لەبیرتە من ئەمنیەتی گیانیم دەویست؟ لەبیرتە ئەو شەوە یاو و لەرزم هەبوو بەجێهت هێشتم و رۆیشتی؟"

گلە و گازندەكانی تۆ و بێدەنگی و بەخششەكانی من بۆ تۆ بوونەتە كێو، دڵتەنگیی من و چاكییەكانی تۆ بۆ من بوونەتە كێو، بە باڵای دوو كێوی بەرز لە نێوان من و تۆدا مەودا هەیە و ئێستا هەردووكمان نازانین چی لەگەڵ بكەین، ئەو كێوانەم وەبیر دێتەوە كەلە جادەكانی لێواری دەشتی كەویر و لە بیرەوەرییەكانی جادەی مناڵیما لە پێش چاوم باڵای كردووە، یەكیان شینە، یەكێكی تر رەنگی خاك و ئەوی دیكەیان قاوەیی و دیسان شین و رەنگێكی تر. هێندێ‌ جار كە باران دایدەكرد، كێوە شینەكە وەها رەنگی بنەوش دایدەگرت كە نەدەكرا بڵێی ئەمە هەمان ئەو كێوەیە كە دوێنێ‌ لە باوەشی هەتاودا رەنگی شین بووە، كێوە خاكییەكەش دەبووە قاوەیی، و رەنگە قاوەییەكەش رەش دادەگەڕا، وەك رەنگێك لە نێوان سووری مەیلە و تۆخ و رەشی كاڵ. سێبەرە رووناك و نەخشەكانیش دەگۆڕدران كە لەوە خاترجەم بیت كە كێوەكان هیچ لە یەك ناچن. هەمان ئەو بارانە سادەیە وەها رەنگ و روخساری كێوێكی دەگۆڕی كە وا دەهاتە پێش چاو ئەوەی پێشوویان هەڵكەندووە و یەكێكی دیكەیان لەجێی داناوە.

تەنانەت كێویش كاتێ‌ لە نێوان ئێمەدا مەودا ساز دەكات جیاوازیی هەیە كە ئەگەر بیت و كەش و هەوا خۆر بیت، یان باراناوی كە لێرە بەردەوام خەم دڵم داگرێ‌. ئەمانە هەموویان پێوەندییان بە ئەدەبیاتی ناوچە و نیشتمانە جیاوازەكانەوە هەیە. سەردەمانێك بوو كە باران لە ئەدەبیاتی ئێمەدا سەرچاوەی تەڕ وپاراوی، شادی و جوانی بوو، كە هاتمە ئێرە تێگەیشتم ئەمانە بە هیچ لەونێ‌ لە هێدێ‌ لە رستەكانی ئێمە ناگەن و خووی پێ‌ ناگرن، هەركە چەند ساڵێك لە هەوای سارد و سڕی باراناویی شارەكەی ئێمەدا بژی، دڵت كەڵكەڵەی خۆر دەكات، دڵت كێوەكانی بە رەنگی خۆیان دەوێ‌، ئاو وێ نەكەوتوو و باران نەدیتوو و رەسەن وەكوو سەرەتا، خاكی و شین و قاوەیی.

یاریی لەمێژینەی ئاو و خاك، وێنا و وێنە هەردووكیان وا بار دێنێ‌ كە هەر كێوێك دەتوانێ‌ ببێتە چەند كێو، خودا بكات هیچ بارانێك بەسەر ئەو دوو كێوەی من و تۆدا دانەبارێ‌ و رەنگیان لەوەی ئێستا كە هەیە رەشتر نەكات. دەبینی؟ تەنانەت روخساری مرۆڤیش جیاوازیی هەیە ئێستا كە هەموو شوێنێك خۆرەتاوە، وەكوو خودی خۆ دەدرەوشیتەوە، بریا میوەیەك، ساردەمەنیەك، شتێك لیرە دەسكەوتبا كە بەمجۆرە بەبێ‌ خواردن زەمان تێنەڕیبا، تێدەگەی ئازیزەكەم؟

هەستایە سەر پێ‌ و بەرەو لام هاتی: " شتێكت گوت؟"

"نا. قەسەیكم نەكرد." كۆڵەپشتیەكەم خڕەخڕ كردە كێش و هێنامە پێشێ‌: " دەتەوێ‌ ئەم كارەش تەواو بكەین؟"

چاوێكت لە كاتژمێرەكەت كرد:" كاتێكی ئەوتۆ نەماوە، ئەگەر پێت وایە پێڕادەگەین، بیكەرەوە."

"لەكوێ‌؟"

"هەر لێرە."

" لێرە كە نابێت. با بگەڕێین چاڵێك پەیدا بكەین كە..."

"ئەدی چاڵ و قووڵكە بۆچی؟ كەوایە بیكەرەوە بزانم چی تێدایە؟"

"ئەگەر بیكەمەوە دەبێ‌ لە پەنای چاڵ یان قووڵكەیەكدا بین، دەنا دەبێ‌ هەر بەم دەقە بیگەڕێنمەوە. بەڵام ئیتر نە دەتوانم و نە دشمهەوێ‌."

پەشۆكاو و بێ‌ ئۆقرە بووی، پێم وابوو ئەگەر چارەیەك، بیانوویەكت دەست كەوتبا، هەر لەوێ‌ بەجێت دەهێشتم و دەڕۆیشتی، بەڵام بە تێڕامانەوە چاوت بڕییە كۆڵەپشتییەكە:" باشە كەوایە وەرە با بگەڕێین و چاڵێك ببینینەوە. بەڵام چاڵ لە كوێیە؟ هەموو شوێنێك رێك و تەختایی بوو، تۆ پێت وایە چاڵەیەك دەهێڵنەوە كە خەڵكی تێبكەوێ‌؟ پێم وا نیە ببینینەوە. تەنیا..." دواتر بێدەنگ بووی. 

"تەنیا چی؟"

"ئەگەر پێمەڕە یان كوڵینگێك هەبایە خۆمان دەمانكەند. ئەمنیش یارمەتیم دەكرد كە زووتر..."

"مەگەر دەهێڵم كە تۆ دەست بەم خاكەوە بدەی؟"

لە رووبەڕوومان ریشە دارێك سەری لە خاك دەرهێنابوو، وەك بڵێی كەسێكەو ئەژنۆی لەژێر لێفەوە دەرپەڕیبێ‌ كە خۆی وەرسووڕێنێ‌ و جێگای بەتاڵی ئەژنۆی وەكوو چاڵەیەك دمی كردبۆوە. گوتم: "چاو لەوێ‌ بكە." كۆڵەپشتییەكەم خڕەخڕە كردە كێش بۆ لای قووڵكەی پەنای دارەكە، بێ‌ ئەوەی كە بیر لە كات بكەمەوە، بیر لە بێ‌ ئۆقرەیی تۆ بكەمەوە، لەناو بازێك دایە لای قووڵكەكە و بە دەست خاكی دەوری قووڵكەكەم خستە دەرەوە، لەسەر ئەژنۆ دانیشتم و بە دوو دەستان خاكەكەم وەلا دا. لەوێ‌ تاشەبەردێكم دیتەوە كە زۆر بەكارم هات، بە نووكە تیژەكەی چاڵەكەم هەڵكەند و دیسان خاكەكەم هەڵكەند. كۆگایەك خاك لە پشتە سەرم بەرز ببۆوە، بەڵام هێشتا كاری مابوو، دەبوا بە قەد شتێكی نووشتاوە خاكم دەرهێنابا.

رۆیشتمە ناو قووڵكەكە و دیسانەكە هەڵم كۆڵی. لەژێر ریشەكانی دارەكە سەری قووڵكەیەكی دیكەم لێ‌ پەیدا بوو كە ئەگەر نەختێ‌ دەوروبەریم هەڵكۆڵیبا دەكرا بە ئاسانی لاقەكان تێدا درێژ رابكێشی.

هەڵم كۆڵی، قووڵكە نەبوو، وەكوو ئەشكەوتێكی سەرەولێژی روو بە ریشەی دارەكە درێژەی هەبوو. خەیاڵم ئاسوودە بوو. هاتمە سەر لە قووڵكەكە و روانیم، هەی خراپ نەبوو، ئەگەر توانیبام دیسانەكە هەڵمدەكەند و خاكم دەخستە دەرەوە. بەڵام ئیتر ماندوو بووم. عارەق بەسەر و گوێمدا دەهاتە خوارەوە، كراسەكەم لە تەڕتەڕ بوو، تۆش بە پەشۆكاویەوە تەنیا دەتڕوانی.

گوتم: "زۆر باشە، ئامادەی؟"

"ئم."

كۆڵەپشتییەكەم كێشایە لای قووڵكەكە و زیپەكەم كردەوە و جەستە لوول كراوەكەم كێشایەدەر، لاقەكانیم بەرەو لای ئەشكەوتی ناو چاڵەكە درێژ كرد و بە پێ‌ شانەكانی تەرمەكەم پاڵ پێوە نا. بە ئاسانی بەسەر خاكەكەدا دەخزا و دەڕۆیشتە خوارەوە. لەڕ و لاواز ببوو، كزۆڵە و یەك جار ئێسك و پرووسك بوو. وتم لەم دوایانەدا نەخۆش بوو، نەخۆش و دڵتەنگ و خەمین.

گوتت: "ئەی هاوار! خۆ ئەوە تۆی!"

"بەڵێ‌ منم."

"دەتەوێ‌ چی لێ‌ بكەی؟"

" لە خۆم بێزار و وەڕەز بووم. دەمەوێ‌ لە گۆڕی نێم."

دیسانەكە زەخنم بۆ شانەكانی تەرمەكە هێنا. بە هێوری چووە ناو قووڵكەكە، دواتر لاقەكانی گیری كرد و هە لەوێ‌ مایەوە. گوتم: " باشە، ئیتر تەواو، وەرە خاكی بەسەردا بكەین."

"من درەنگمە، زۆر وەدوا كەوتووم."

" ناتەوێ‌ بمێنیەوە كە خاكی بەسەردا بكەین و دایبپۆشین؟"

"نا. من وەدوا كەوتوم. زۆر زۆریش وەدواكەوتووم."

دواتر چاوت بڕیە شوێنێكی زۆر دوور. دەنگێكی نائاشنا و سەیر دەهات، گوتم: "بۆ كوێ‌؟ ئەوێ‌ كوێیە؟"

"ئەوبەری رووبارەكە."

ئیتر ئەمە چ هاتنێك بوو؟ بریا كاتت دیاری دەكرد شەوی یەكەم لەلای بمێنینەوە. تۆ كە دەزانی لە تەنیاییا لەژێر ئەم خاكە غەریبەدا دەترسێ‌، بۆچی لووت هەڵدەقورتێنی، بۆچی تەنانەتلێشی ناڕوانی، هەرچی بێت تۆ فێری عەشقت كردووە، بچكۆلانەكەی من!

"چی؟"

"قسەیەكم نەكرد. ئەگەر وەدرەنگ كەوتووی كاتت ناگرم. بڕۆ." دستم كرد بە خۆڵ بەسەردا كردن و تەواوی خاك و خۆلچی دەوروبەرەكەیم كردەوە ناو چاڵەكە، سینیم داپۆشی، روخساریم هێشتەوە بۆ كۆتایی كار. دواتر بۆ چەند ساتێك لە روخساری رامام، سەر بوو، چاوەكانی تەڕ بون و هەروا زاق لە ئاسمانی دەڕوانی.

گوتت: "دە باشە، كەوایە من رۆیشتم، ماڵاوایی ناكەم. هەتا دواتر."

"ئاگات لە خۆت بێت، هەتا دواتر."

گوتی: " خودات لەگەڵ عەشقی من." و پاشان لە پەنای چاڵەكە چۆكی دادا، ئیتر ئەم جارە بە پێ‌ نا، بەڵكوو بەدەست خاكی بەسەردا كردن. هەناسەكانم پاك بۆنی خاكیان دەدا و هەروا چاوم بڕیبووە ئاسمان و چاوەڕێ‌ بووم قاڵاوەكانی ئەو گۆڕستانە تەریكە بێن و لەسەر لق و شاخەكان بنیشنەوە و جیڕەی كۆتاڵێكی ئەستوور فەزای گۆڕستانەكە پڕ بكات.

پاشان توێیەك لە خاكەكە روخساری داپۆشیم. گوتی: " هەر ئەمە بوو هاوڕێ‌، بەشی تۆ هەر ئەمە بوو." و دیسانەكە بەدەست خاكی بە روخسارمدا كرد و هێندە خاكەكە بەرز بۆوە كە تاریكی هەموو شوێنێكی داگرت.

دواتر هەموو ئەو شوێنەی هاوتەرازی عەرزەكە كرد و پاڵی ب دارەكەوە دا، روو بە ئاسۆ دانیشت، رووبەڕووی شاری بەردین كە هەتا چاو بڕی دەكرد سەنگ بوو و دار و پەیكەر و سەنگ.

هێندە دانیشت كە هەتا تاریك داهات. لە پشتە سەری شارە بەردینكەوە لەوبەری رووبارەوە لەناو دەنگە نائاشناكان، ترووسكایی نووریكی كەمڕەنگ لە ئاسۆدا سەمای دەكرد. دواتر وەهەمێكی پێكەنیناوی كەوتە گیانی. ویستی هەڵێت، نەیتوانی. دەترسا لە شوێنی خۆی هەستێتە سەر پێ‌، وەهم دەورەی بدات، دەترسا هەر كە بجووڵێ‌ لە ترس و وەهمدا بمرێ‌. هەر وا دانیشت و چاوەكانی لێك نا. پاشان لەوپەڕی ماندوو بووندا خەوی لێكەوت، خەوێك كەلە مەرگ دەچوو، لە خەوی من دەچوو لە پەنای ریشەی دارەكەدا، ئارام و بێ‌ هیچ ئازار و ژانێك.

  سەرچاوە: ماڵپەڕی سەرەكیی نووسەر

   www.maroufi.malakut.org