دیدار لەگەڵ شەریف فەلاح، نووسەر

سازدانی: ژووری ڕۆژەڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام

- لە کرماشان و ئیلام شوناسی زمانی و فەرهەنگی خەریکە فۆرم و ئاراستەی نەتەوەیی بە خۆیەوە دەگرێت.

- زمانی کوردی لەلای ئێران پرسێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو پرسێکی ئەمنیەتی سیاسییە و لەلایان هێڵی سوورە.

- کۆماری ئیسلامیی ئێران جەوهەر و ڕەوایی خۆی لە نەبوونی بەرامبەرەکەیدا دەبینێتەوە.

لە دوو تەوەری:

1- پیلانە فەرهەنگییەکانی ئێران بۆ لەخشتەبردنی زمانی کوردی لە کوردستانی رۆژهەڵات

2- پرۆژەی چالاکوانانی فەرهەنگی کورد بۆ پرسی خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکان.

ڕۆژەڤ: پێش ئەوەی باسەکەمان دەست پێبکەین داوا لە شەریف فەلاح دەکەین کە ئەگەر تێبینییەکی هەیە وەک سەرەتا باسی بکەن پاشان دەست بە وتوێژەکە دەکەین؟

شەریف فەلاح: سڵاو و ڕێزی فراوان بۆ بەڕێوەبەرانی ژووری رۆژەڤ و مەمنوون لەوەی کە دەرفەتێکی واتان ڕەخساند مژاری زمانی کوردی، کە مژارێکی زۆر هەستیار و گرنگە و تەوەرەکان پێکدێن لە پیلانە فەرهەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لەخشتەبردنی فەرهەنگی کورد و بەتایبەت زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها تەوەرەی دووەمیش لەسەر ئەو پرۆژەیە دەبێت کە چەند ساڵێکە چالاکوانانی فەرهەنگی و ئەدەبی و مامۆستایانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەی سەرقاڵن و بۆ جێبەجێ کردنی چلاکی دەکەن.

من پێم وایە زمان یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەلماندنی بوونی نەتەوە، زمان هەروەک لە پێناسەکەیدا کە پێناسەیەکی جیهانیی هەیە "رۆحی نەتەوە"یە، چونکە ئەگەر بێت و زمان لە پێناسەکانی دیکەی نەتەوە داببڕێت، ئەوا هیچ شتێکی بۆ گوتن نامێنێتەوە، یەکێک لە سەرەکیترین جیاوازییەکان کە هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر جیا دەکاتەوە زمانە، کۆماری ئیسلامیش چاک لەوە دەزانێت کە زمانی کوردی یەکێک لە جەوهەرەکانی نەتەوەی کوردە، بۆیە هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە لە ماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا یەکەم سیاسەتی خۆی بۆ لەخشتەبردن و ئاسیمیلەکردن و فەوتاندنی زمانی کوردی داڕشتووە، چونکە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ ئایدۆلۆژیای خۆی و نەتەوەی فارس کە دەسەڵاتێکی خۆسەپێنە بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا لە مێشک و ئەندێشە و تێڕوانینی منداڵانی کورددا جێگیر بکات، لەم رێگایەشەوە هەموو جەمسەرەکانی کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت راگەیاندنەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەمووی پاوان کردووە و خستوویەتە ئیختیاری زمانی فارسی.

 داڕشتنینی چەمکێک بەناوی (ملت ایران) کە لە پێناسەی کۆمەڵناسیدا هیچ واتایەکی نییە بەناوی میللەتی ئێران، واتە تۆ دەتوانیت بڵێیت (نەتەوەی فارس، نەتەوەی کورد، نەتەوەی ئازەری، نەتەوەی تورک) ناکرێ بڵێی (نەتەوەی ئێران) ناتوانین بڵێین (نەتەوەی عێراق) ئەمە شتێکی داڕێژڕاوی بیر و ئەندێشەی سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و تەنیا لەلای ئەوان واتای هەیە، دەنا هیچ شوێنیکی دیکە پێناسەی لەم چەشنە نییە.

رۆژەڤ: زمان یەکێک لە ئەندامە زۆر گرنگەکانی ژیان، تێڕوانین، روانگە و هەڵسوکەوتەکانی هەر مرۆڤێکە کە یەکێکە لە پێکهێنرە سەرەکییەکانی تایبەتمەندیی نەتەوەیە، بەدەگمەن کەسێک هەیە، کە بڵێت لە ژیانی رۆژانەیەدا لە قسەکردن بە زمانی زگماکی تام و چێژ وەرناگرێ و هەست بەخۆشی و بوونی مرۆڤانەی خۆی ناکات.

زمان دەسمایەی فەرهەنگییە، کاتێک باسی پاراستن، پەرەپێدان و بەهێزکردنی دابونەریتی کۆمەڵگەیەک دەکرێت، ئەوە زمانە، کە ڕابردوو و ئێستای ئەو کۆمەڵگەیە بەیەکەوە گرێ دەدات.

کەسێک، کە تاکوو تەمەنی شەش ساڵان، بە زمانی زگماکی قسەی کردووە و دواتر لە خوێندنگەدا ناچار دەکرێ بە زمانێکی دیکە قسە بکات، بە جۆرێک ئەوە هێرشێکی ناڕەوایە و دژایەتیی تەواوی هەیە لەگەڵ پڕەینسیپە مرۆڤایەتییەکان،  لەم سۆنگەیەوە زمان چۆن چۆنی دەخەنەڕوو وەک مافێکی سروشتی تاکەکان، هەروەها پەیوەندیی زمان و نەتەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

شەریف فەلاح: بەرێزان ئەمە پرسیارێکی زۆر باسهەڵگرە و دەڕواتە چوارچێوە و خانەی پەروەردەوە، پەروەردە بە واتا مەدەنییەکەی، واتە لە چوارچێوەی سیستمی وڵاتێکدا کە دەبێت هەر نەتەوەیەک، هەر گەل و ئیتنیکێک لەسەر بنەمای مافی ڕەوا و سروشتیی خۆی بە زمانی خۆی بخوێنێت، کە دەبێ خوێندن بە زمانی دایکی و خوێندن بە زمانی کوردی لێک جیا بکەینەوە، خوێندن بە زمانی دایکی ئەو چوارچێوە سیستەمە پەروەردەییە کە دەبێ هەر منداڵێک بە شێوەی خۆڕسک و ئاسایی کە لەدایک دەبێت و دەگاتە قۆناغی پێڕەوکە، واتە لە قۆناغی چوونە ڕەوزە و دایەنگە (مهد کودک)ەوە دەبێ بە زمانی دایکیی خۆی هەموو قۆناغەکانی پەروەردەی پێ فێر بکرێت، بەڵام لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، چونکە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و خۆزاڵکەرە و دەیەوێ هەموو ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی خۆی لە ڕێگای زمانی فارسییەوە بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا بسەپێنێ و بوونیان بسڕێتەوە.

منداڵ کاتێک هەتاکوو ٦ ساڵی لەنێو بنەماڵەدا بە زمانی دایکی و ڕەسەنی دایک و باوک و نەتەوەکەی خۆی دەدوێت و مامەڵە دەکات، بەڵام کە دەگاتە کاتی دایەنگە و قوتابخانە ڕووبەڕووی پەروەردەیەک و زمانێکی جیاوز لە زمانی دایکی دەبێتەوە و ئەوەش زەربەیەکی گەورەی ڕۆحی و فکرییە کە لە منداڵ دەدرێت، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی چوونە قوتابخانەیەوە دەبێتە یەکێک لە مۆتەکە و پرسیارەکانی ژیانی پەروەردەی منداڵ.

بۆیە ئێمە دەبینن کاتێک منداڵی نەتەوەیەکی غەیری فارس دەڕواتە قوتابخانە، لە یەکەم ساڵدا ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و شڵەژان و جۆرێک لە ترس و دوودڵیی سەرتاپاگیر دەبن، ئەوەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەربە فکرییە کە پرسیارێکی گەورە لە مێشکیدا دروست دەبێت کە ئاخۆ ئەوە چ زمانێکە، کە من لە ماڵەوە بە زمانی دایک و باوکم قسەم دەکەم و ئەو مەکۆیەی کە ناوی دەنێنە ماڵی دووەمی منداڵ چییە لەگەڵی رووبەڕوو دەبم، بۆیە یەکەم قۆناغی پەروەردەی منداڵ زەربەی رۆحی دەخوات، ئەمە بێگومان لە پەروەردە و لە شێوازی فکر و لە ئەندێشە و تێڕوانین و دروستبوونی کەسایەتیی تاکدا کاریگەری دادەنێت و لە داهاتوودا هۆکارەکانی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی منداڵ بێگومان لە سیستەمی پەروەردە و لە سەقەت بوونی منداڵ و بارنەهێنانی منداڵ بە زمانی دایکی خۆی کە مافێکی سەرەتایی هەموو کەسێکە، دەبێتە ئەم پەروەردە سەرەتاییە کە جیاوازە لە فەرهەنگی نەتەوەیی.

من پێم وایە زمان یەکیک لەو فاکتەرانەیە کەلە پێکهاتە دروستکردنی کەسایەتیی تاک و کەسایەتی کۆمەڵایەتی تاکیشدا کاریگەریی ئێگجار زۆری هەیە، بۆیە تۆ ئەگەر بە زمانی دایکی خۆت بخوێنی و قسە بکەیت، بە زمانی دایکی خۆت کاتێک لە لانکەدا راتدەژێنن گڕوگاڵی دایک چەندە کاریگەریی لەسەر پێشکەوتن و بارهێنان و فکرکردنەوەی کەسایەتیتدا هەیە، هێندەش لە دروستکردنی شعوور و هەستی نەتەوەییدا دەوری هەیە، بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران ترسێکی یەکجار زۆری هەیە لەوەی کە نەتەوەکانی غەیر لە فارس بە زمانی دایکیی خۆیان بار بهێنرێن، دەبینین لە ئێراندا ساڵانە بە هەزاران سەعات لە هەموو راگەیاندنەکانییەوە بەرنامەی پەروەردەیی بۆ منداڵان بەره ەمدەهێنرێت بێ ئەوەی یەک سەعات و یەک خولەکی بە زمانی غەیرە فارسی و بۆ منداڵانی غەیر لە فارس بێت، ئەوە چ واتایەکی هەیە؟ ئەوە واتای ئەوەیە کە دەبێ هەموو منداڵانی نەتەوەکانی غەیر لە فارس بێن ئایدۆلۆژیای فارس ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی فێر بن و نەتەوەکانی دیکە مەحکوومن بەوەی کە دەبێ زمانی فارسی فێر بن، چونکە ئێران دەیەوێ زمانی فارسی وەکوو خوای سەر زەمینی ئێران پێناسە بکات و دەیەوێ بە زرۆەملێ بیسەپێنێ بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا، بۆیە پێم وایە ئیران هەتاکوو ئێستا بەڕای خۆی سەرکەوتوو بووە، چونکە هەموو جەمسەرەکانی کۆمەڵگەی لە ئیختیار دایە بۆ پەروەردە و بارهێنانی منداڵان.

 

رۆژەڤ: لە ئێران بەپێی ماددەی ١٥ی دەستوور و یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی وڵات دەستنیشان کراوە، بەڵام کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکی چ وەک گوتنەوە لە خوێندنگەکان و چ وەک بەکارهێنان لە گۆڤار و بڵاوکراوەکان بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان بەحیساب رێگە پێدراوە، ئێوە دۆخی فەرهەنگی و بەتایبەتی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟ ئایا کۆماری ئیسلامی کاتێک لە یاسادا باسی کردووە، بۆچی بەکردەوە جێبەجێی ناکات؟

شەریف فەلاح: لە پەیوەندی لەگەڵ ماددەی (١٥) یاسای بنەڕەتی واتە ( دەستووری ) ئێران کە دەڵێت هاوکات لەگەڵ زمانی فارسی کە زمانی فەرمی و دەستکرد و دروستکراو داسەپاوی ئێرانە بەسەر نەتەوەکانی تردا ، دەڵێت (اقوام) ی دیکەی ئێرانی مافی خۆیانە کە فەرهەنگ و زمانیان پەرەپێ بدەن، لێرەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە نەتەوەکانی دیکە مافی ئەوەیان هەیە چەشنی زمانی فارسی لە هەموو ئاستەکاندا بخوێنن، یان تەنیا دەتوانن بۆ فێربوون و لەبیرنەچوونەوەی زمانی خۆیان رێنوس و ریزمان و وردە فەرهەنگێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو پێناسەیەی کە خۆی بۆ فەرهەنگ هەیەتی فێر بن.

من پێم وایە هێنانی ئەو ماددەیە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا هەمووی بۆ چەواشەکاری و رێگومکێ و سەرداپۆشینی کێشە سەرەکییەکانی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێرانە، هەروەها بۆ لەبیربردنەوەی کێشە سەرەکییە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئێرانە و بۆ مێژوو سازییە کە، ئەگەر بۆ ئەوە نەبوایە دەبوا لە ساڵەکانی یەکەمی هاتنە سەرکاریدا ئەم ماددەیەی یاسای بنەڕەتیدا جێبەجێ کردبایە، من پێم وایە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی ئێران باوەڕی بە شتێک بە ناوی نەتەوەکان و زمانی نەتەوەکان نییە، پێیان دەڵێ (اقوام) بە زمانەکەشیان دەڵێ زمانە ناوچەییەکان (زبانهای محلی) واتە شێوەزارە ناوچییەکان، ئەوە گەورەترین سووکایەتییە بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

هەرچەند کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک لەهەموو رێکارێکی دوژمنکاران بۆ لەخشتەبردن و ئاسیمیلەکردنی فەرهەنگی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد درێغیی نەکردووە، بەڵام زمانی کوردی خاوەنی گەلێک تایبەتمەندیی رێزمانی – رێنووس، واتە خاوەن و هەڵگری پاشخانێکی فیکرییە، کە لە ئەندێشەی تاک بە تاکی کورددا بەشێوەیەکی زارەکی ماوەتەوە و جێگیر بووە، ئێمە دەبێ مەدیونی پاشخانێکی دەوڵەمەدنی فەرهەنگی ئەدەبی زارەکی بین کە بەداخەوە هەندێک لە رۆشنبیرانی ئێمە ئەمڕۆ تووشی لە خۆنامۆبوون هاتوون، واتە تووشی بە جیهانی بوونێکی سەرلێشێواوی بوون پێیان وایە رابردوو و پاشخانی ئێمە پاشخانێکی دواکەوتوانەیە، هەڵبەت ئەمە بیرۆکەیەکی تەسکی هەندێ کەسە کە توێژاڵی فکرێکی زۆر مەترسیدارە، دەڵین ئەوانەی کە لە ئەندێشەی ئەدەبی زارەکیدا دەژین کەسانێکی دواکەوتوو و رەشۆکی و چەمکێکی ناجێگەوتووی "دێهاتی و زڕە کورد"ن، بەڵام ئەمە لە روانگەی منەوە لە روانگەی کوردەوە هەڵگری واتایەکی زۆر هێمابەخشە، واتایەکی نەتەوەییە، چونکە کورد ئەگەر فەرهەنگی کورد ئیستا بە دەوڵەمەندی ماوەتەوە، بەهۆی تایبەتەندیی ئەدەبی زارەکییە، هەمووی مەدیونی ئەو بەیت و باو و ئەو گۆرانییە لیریک و فۆلکلۆریانەیە، هەمووی هەڵگری زاتی پاشخانی مێژوویی زمانی کوردیە کە پێشینیانمان بۆمانییان بەجێ هێشتووە، بۆیە ئەو پیلانانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ زمانی کوردیی داڕشتووە و نەیهێشتووە لە قوتابخانەکان بخوێندرێن، بەڵام لە ئەندێشەی تاکی کورددا زمانی کوردی هەر هەبووە و هیچ دەوڵەتێک و هیچ حکومەتێکی دیکتاتۆر نەیتوانیوە زمانی کوردی کە شادەمار و رۆحی نەتەوەی کوردە لە کورد داببڕێ، بۆیەش ئیستا ماوەتەوە، ئەوەش بەرهەمی رەنج و تێکۆشانی نووسەر و شاعیر و ئەدیبانی پێش ئێمەیە، ئەوانەی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی خۆیان و بێ پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکی و تەنیا بە هەست بەرپرسیارێتیکردن زمانی کوردیان تاکوو ئیستا بۆ ئێمە هێشتۆتەوە.

رۆژەڤ: لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە پێناسەیەکی کورتی ئاسیمیلاسیۆن بکەن؟

شەریف فەلاح: ئاسیمیلاسیۆن، واتە سڕینەوە و داماڵینی نەتەوەیەک لە کولتووری ڕەسەنی خۆی لەسەر دەستی پیلانێکی فەرهەنگیی نەتەوەی باڵادەست، یان حکومەتێکی دیکتاتۆر، واتە داماڵینی نەتەوەیەک لە هەموو ناسنامە نەتەوایەتییەکانی، لە هەموو ئەو چەمک و توخمە نەتەوایەتی، یان فەرهەنگییانەی کە لەناو زمان و پاشخانی ئەو نەتەوەیەدا هەیە، ئەمە پێی دەڵێن ئاسیمیلاسیۆن واتە داماڵینی فەرهەنگی، واتە نەتەوەی ژێردەست ئەو نەتەوانەی کە لەڕووی کیان و دەسەڵاتی سیاسییەوە لە پەراوێزن، بەڵام خاوەنی پاشخانێکی فەهەنگی و مێژوویین لەسەر دەستی نەتەوەیەکی باڵادەست دەتوێنتەوە و لە ئەنجامی سیاسەتێکی سەربازی و دیکتاتۆری دەچەوسێنەوە و لە شوناسی نەتەوایەتی خۆیان نامۆ دەبن و دوور دەخرێنەوە.

رۆژەڤ: وەک دەزانین حەسەن رۆحانی سەرکۆماری رژێمی ئیسلامی ئێران، لەمیانەی هەڵبژاردنی سەرکۆماردا یەکێک لەو بانگەشانەی کە باسیان دەکرد، بریتی بوو لە پێدانی هەندێ زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان، لەوانەش گرنگیدان بە زمانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان، لە کاتێکدا چەند ساڵێک تێپەڕیوە و تەنانەت لە چەند مانگی رابردوودا لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای ورمێ، دیسان جەختی لەوە کردۆتەوە، ئەوە لە کاتێک دایە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ورمێ دەڵێ تا ئێستاش هیچ بڕیار، بەخشنامە، یان ڕاسپاردەیەک لەبارەی خوێندن بە زمانی زگماکی لەو پارێزگایە بەوان نەدراوە و هیچ گۆڕانێک لەو بارەوە نەبیندراوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم دوفاقیە لە گوتاری بەرپرسانی ئێران لەو بارەیەوە چۆن دەبینن؟ سەبارەت بەو هەوڵانەش کە دەگوترێ بۆ قۆناغی ناوەندی وانەی کوردی ئامادە کراوە و رێژەیەک خوێندکاری پاریزگای سنە بەشدار بوونە، ئەگەر سەرنجی ئەو هەوڵانەت دابێت پلانێکی ستراتیژیی ئەرێنی بەدی دەکەن، یاخود هەر سیاسەتێکی چەواشەی لە پشتەوەیە؟ پێتان وایە ئەمانەش هەر دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی شۆڤێنیزمی دەسەلاتدارەوە."

شەریف فەلاح: سەبارەت بەو پرسیارە کە باس لە  گوتاری کۆماری ئیسلامی دەکات لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەتایبەت لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کابینەی حەسەن رۆحانی و مژاری خوێندن بە زمانی و کوردی و زمانی نەتەوەکانی ئێران، من پێم وایە ئەوە سیاسەتێکی چەواشە و هەڵخەڵەتێنەرانە و دەستە و داوێن بوونە بە نەتەوەکانی دیکیە، واتە جەوهەری گوتاری کۆماری ئیسلامی بۆ دەستەوداوێنبوونی نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەت نەتەوەی کورد، سیاسەتکردنە بە فەرهەنگ و زمانی کوردی، نەک نیەتێکی خێر کە لە جەوهەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بێت بۆ بەجێگەیاندن و خزمەتێک بە زمانی کوردی و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، ئەم پرسە هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری رۆحانیدا نەبووە، بەڵکوو هەر ناوەڕاستی دەیەی حەفتای هەتاوی (٩٠ی زایینی) و دوای هاتنە سەرکاری رەوتی بەناو ریفۆرمخواز، پرسێکی گەرمی ناوەندی هەڵبژاردەنەکانی پەرلەمانی ئێران بووە و هەتا ئێستا بە فەرمی هیچی لێ شین نەبووە.

بەڵێ راست وایە، منیش پێم وایە هەر دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەی زمان و فەرهەنگی کوردییەوە، واتە داماڵین و لەخشتەبردن و دابڕینی شوناسی نەتەوەیی کوردیە لە فەرهەنگی بەناو دەوڵەمەند و رەسەنی خۆی، چونکە لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە شتێک بە ناوی نەتەوە نییە تا باوەڕی بە زمانەکەی هەبێت، ئەمە دوو فاقیەتێکە ئەمە پارادۆکسێکە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا لە حاڵێکدا بە نەتەوەکان دەڵێی (اقوام) لەلایەکی دیکەوە دەڵێی زمانی کوردی، ئەگەر لە بنەڕەتدا "قەومە" چۆن چۆنی خاوەنی زمانە، لە حاڵێکدا خۆی باوەڕی بە شتێک بە ناوی غەیری نەتەوەی فارس نییە. بۆیە من پێم وایە ئەو سیاسەتەی هەموو کاتێک لە هەڵبژاردنەکاندا گیراوەتە کە بەڵێ ئێمە دەمانەوێ پرسی زمانی کوردی یەکلایی بکەینەوە و دەمانەوێ لە چوارچێوەی سیستەمی پەروەردە و لە زانکۆکاندا بخوێندرێت، ئەمە سیاسەتێکە کە تەنیا دەچێتە خانەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەوە، دەنا لە جەوهەر و نیەتی خۆیدا شتێکی کردەیی و سیاسەتێکی بنەڕەتی و دۆستانەی ئەوتۆی لەپشتەوە نییە.

هەر هێنانەبەرباسی ئەو بابەتە لە ساڵی 1376ی هەتاوی بەملاوە کە دەیانگوت بەڵێ دوو تێرمی ئیختیاری زمانی کوردی لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی سنە دەخوێندرێت، بە باوەڕی من گەورەترین سووکایەتییە بە زمانی کوردی، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر زمانێک زمان بێت، دەبێ لە چوارچێوەی دەستوور و بەپێی هەموو پێوەرەکانی پەروەردەی سەردەمیانە لە هەموو قۆناغەکان و لە هەموو وانەیەکی  دەرسیدا بخوێندرێت، چۆن ئەگەر زمانێک زمانە منداڵیک واتە ٥ ساڵی قۆناغی بنەڕەتی و ٣ ساڵی ناوەندی و ٤ ساڵی دوناوەندی دەخوێنێت کە دەکاتە ١٢ ساڵ، لەم دوازدە ساڵەدا هیچ چەشنە فێربوون و ئاشناییەکی لەگەڵ زمانی خۆیدا نەبێت، کەچی بێیت لە ئاستی زانکۆدا وانەی زمانی کوردی بۆ دابنێیت، ئەمە هەڵگری چ عەقڵیەت و لەخۆگری چ پێوەرێکی پەروەردەییە ؟ لە کام نموونە سیستەمی پەروەردەی دنیادا ئێوە نموونەی لەو چەشنەتان پێ شک دێت؟ ئەگەر سووکایەتی نییە بە نەتەوەی کورد، من پێم وایە نەدەبوو چالاکانی فەرهەنگیی کورد ئەو شتە باوەڕ پێبکەن و باوەڕ بە نییەتی چەواشەی کۆماری ئیسلامی بێنن.

هەر ئەوکاتەی کە ئەو مژارە لە زانکۆی ئازادی سنە هێنرایە بەرباس، من خۆم یەکێک لە مامۆستایانی زمانی کوردی بووم ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی لە ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوی کورد لە شاری سنە، ئێمە ٥٣ کچ و کوڕی راهێنەری زمانی کوردی بووین کە لەژێر چاودێری و سەرپەرستیی مامۆستا (شەریف حوسێن پەناهی) خاوەنی کتێبی (ملوانکەی شین) لە دەرەوەی سیستمتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی هەر تەنیا لە چوارچێوەی کار و چالاکیی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی کورددا دوو هەزار و پێجسەد ( ٢٥٠٠ ) شاگردمان هەبوو، من پێم وایە یەکێک لە باشترین ئەزموونە نافەرمییەکانی فێرکاریی زمانی کوردی بوو، بەڵام لە بەرامبەردا سیستەمەکەی کۆماری ئیسلامی کە لە زانکۆی ئازادی بوو ٣ مانگ دەوامی نەهێناو و فەشەلی هێنا، ئەوە چ واتایەک دەگەیەنێ؟ کۆماری ئیسلامی بەو هەموو بانگەشە و خەرجیی و ئیماکاناتەوە ٣ مانگ دەوامی نەهێنا ، بەڵام دوای ٢٠ ساڵ و ئیستاش رەوتی نافەرمیی فێرکاری زمانی کوردی کە بە شێوەیەکی خۆڕسک و لەسەر دەستی چالاکانی فەرهەنگی لە هەموو پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و بە چڕوپڕتر بەردەوامە و خەریکە ئامانجەکانی خۆی دەپێکێ، ئەم پرۆژەیەش کە ئیستا پێشکەشی سیستەمی پەروەدەی کۆماری ئیسلامی کراوە بەرهەمی دەستی چالاکانی فەرهەنگییە کە بە شێوەیەکی خۆرسک بەرهەمیان هێناوە کە پێم وایە ئەوە دەگاتە ئامانج نەک پڕۆژە و  سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.

 

رۆژەڤ: کێشەی کورد، خوێندنی زمانی کوردییە یان خوێندن بە زمانی زگماکی؟  پێتان وا نییە حکوومەت دەیهەوێ کێشەی ئێمە لەبارەی زمانەوە لە خوێندن بە زمانی دایکی بە خوێندنی زمانی کوردی دابەزێنێت و بەستەسکی بکاتەوە؟ ئەگەر وەک ئێوەش باستان کرد لە ئاستی یاسای بنەڕەتیدا ئەو مافە سەرەکییە پێشێل کراوە، ئێوە چۆنی پێناسە دەکەن؟

شەریف فەلاح : بەڵێ وایە منیش لەو باوەڕە دام جیاوازیی خوێندن بە زمانی دایکی واتە مافە، بەڵام خوێندن بە زمانی کوردی ڕووکەشیانە و بەرتەسککردنی مافی ڕەوای زمانی و فەرهەنگییە، ئەمە ئەو پێناسە هەڵدەگرێ کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە ئێمە دەڵێ (اقوام) هەروەها بە زمانەکەشمان دەڵێت (زبانهای محلی) ، ئەو دەیەوێ بڵێ، ئێوە خاوەنی مافی ڕەوانی فەرهەنگی و زمانی نین و من خێرتان پێ دەکەم و ئیوە خاوەنی ئەو مافە نین و ئەوە سەخاوەت و دەست ئاوەڵایی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە بەربڵاوەکانییەتی کە بە شێوەی خێر و خێرات بە نەتەوەکانی دیکەی دەکات، دەیهەوێ ئەو سیاسەت و ئایدۆلۆژیایە جێ بخات کە ئێوە بۆ ئەوەی وردە فەرهەنگەکەتان لەناو نەچێ و نەتوێتەوە ئێمە لە چوارچیوەی ئایدۆلۆژیای خۆماندا ئەم خێرەتان پێ دەکەین، کە ناوەی دەنێتە (خوێندن بە زمانی کوردی) ئەو واتایە دەگەیەنێت کە خوێندن بە زمانی کوردی تەنیا رێنووس و ریزمانەکەی بە زمانی کوردییە، دەنا ناوەرۆک و ئایدۆلۆژیاکەی هەمان ئایدۆلۆژیا و ناوەرۆکی مێژوو و پاشخانی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی باڵادەستی فارسە کە ٢٥٠٠ ساڵە نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەچەوسێننەوە، دەنا خوێندن بە زمانی دایکی مافی سروشتی هەموو نەتەوەیەکە، کە دەبێ ئەو پیناسەیە لە ئەقڵیەتی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامیدا جێگیر بکرێت و دەبی چالاکوانی کورد و رۆشنبیران و مامۆستایانی زمانی کوردی کە ئێستا خاوەندارێتیی فەرهەنگی کوردی دەکەن و دەیانەوێ بناغەی زمانی کوردی و زمانی دایکی لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا دابڕێژن، دەبێ ئەم پێناسەیە بە کۆماری ئیسلامی بسەپێنن کە ئێمە خاوەنی مافی بنەڕەتیی خۆمانین، واتە دەبێت زمانی دایکی بخوێنین، نەک خوێندن بە زمانی کوردی کە ڕووکەشیانە بێت و تەنیا بە شێوازێکی وەکوو سەردەمی حکوومەتی (سەدام حوسێن) کە بە ڕواڵەت لە کتێبێکدا زمانی کوردی دەخوێندرا و بەناو مافی فەرهەنگی درابوو، بەڵام تەنیا رێنووس و رێزمانەکەی کوردی بوو، چونکە ناواخنەکەی هەمووی پێاهەڵدان بە نەتەوەی عەرەب و سەدام حوسێن و حیزبی بەعس و ئایدۆلۆژیا و مێژووی عەرەبی بووە. من پێم وایە نیەت و پرۆژەی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ زمانی کوردی بەدەر نییە لەو نیەتەی کە خۆی دەیەوێ، بەڵام لە نییەتی چالاکوانانی کورد لەو پرۆژەیەدا هیچ گومانێک نییە کە نیەتێکی خێرە و دڵسۆزانەیە و هەنگاوەکانیان جوانە، لەو باوەڕە دام ئەگەر هەوڵەکانی چالاکوانی فەرهەنگی و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی پرۆژەی کۆماری ئیسلامی بێت، ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت.

رۆژەڤ: سیاسەتی شۆڤێنیزمی ئێرانی لە سەردەمی ڕەزا شادا بە سەرکوتی خوێناویی نەتەوە و شوناسە جیاوازەکانی تر دەستی پێکرد، بە هاتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش درێژە درا بو ڕێبازە خوێناوییە، بەڵام هەرچی پیلانی ڕەش و سیاسەتی زەبر و زەنگە نەیانتوانی زمانی کوردی بسڕنەوە، بۆچی دەبێت لە ئێراندا زمانی فارسی کە  وەک بەشێک لە زاراوەی عەرەبی ناوی دەبەن، گرنگی و بەهای پێ بدرێت و زمانی کوردی بەو هەمووە دوڵەمەندییەوە پەراوێز بخرێت و هەوڵی لەناو چوونی بدرێ، ترسه گەورەکەی ئەوان لە چییە؟

شەریف فەلاح : ئەوە پرسێکی مێژووییە و پەیوەندیی بەوەوە نییە کە زمانی کوردی دەوڵەمەندە، یا زمانی فارسی لاوازە، بەڵکوو پەیوەندیی بە دەسەڵاتی سیاسی و کیانەوە هەیە، پەیوەندی بە دەوڵەت - نەتەوەوە هەیە، هەرچەند فارس خاوەنی دەڵەت بووە و خاوەنی حکوومەت چوارچێوەی دەسەڵاتداری هەیە، بەڵام من پێم وا نییە کە خاوەنی تایبەتمەندیی نەتەوەیی بێت بەو پێوەرانەی کە نەتەوەکانی دیکە هەیانە، بەڵام زۆرن ئەو نەتەوانەی کە لە دنیا خاوەنی حکوومەتن و زمانی گەل و نەتەوەی دیکەیان کردووەتەوە زمانی فەرمیی وڵات، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەوڵەت و چوارچێوەی دەسەڵات و حکومەت چەندە کاریگەریی لە دروستکردنی زماندا هەیە، ئێستا ئەگەر بێت ئەو زمانە تەنیا زراوەیەک، یان بن زاراوەیەکیش بێت، ئیستا زمانی فارسی خۆ لەڕووی سینتاکس و فۆرمۆلۆژی و ئاستەکانی زمانناسییەوە خاوەنی هەموو ئەو تایبەتمەندییانە نییە، هەم لە ڕێنووس هەمیش لە ڕێزماندا گەلیک کێشەی هەیە گەلیک کەموکورتی هەیە و بەڵگە زۆرن و ساڵانێکی زۆرە لەبەر ئاشکرا نەبوونی ئەم کێشانە ناوێرن کۆنگرەیەکی زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی زمانی فارسی بگرن، بەڵام لە بەرامبەردا زمانی کوردی کەمتر ئەو کێشانەی هەیە.

هەر وەک باسم کرد ئەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتداری و حکوومەتەوە هەیە، بۆیە زمانێک، یان شێوەزارێک پەرە دەسێنێت، کە کیانێکی سیاسی و حکومەتێک بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە لە پشتی بێت و پەرەی پێ بدات، چونکە حکوومەت هەموو ئیمکاناتێکی دەسەڵات دەخاتە ئیختیاری نەتەوەکەی و زمانیش خۆڕسکە و خاوەنی گەلیک تایبەتمەندییە و رۆژانە کاری پێ دەکردێت، نەخوازەڵا زمانێکیش کە زمانی دەسەڵات بوو، ئەوا دەبێتە زمانی فەرمی و زمانی رۆشنبیری و زمانی داهێنان و خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە کە گەشە دەکات و وشەی تازە وەردەگرێت و تایبەتمەندیی تازە وەردەگریت، زمانی فارسیش بەدەر نەبووە لەمانە و لە زمانەکانی کوردی و عەرەبییش زۆر شتی وەرگرتووە و رۆشنبیرانی فارسی زۆر زیرەک بوونە زۆر بەتوانا بوونە لە بە مووڵکی کردننی ئەو دەستەواژە و وشانە و کردوویانەتە موڵکی زمانی فارسی، توانیویانە گەشەی پی بدەن و بەداخەوە زۆر بە خراپیان بەکار هێناوە، نەک بۆ خزمەت بە نەتەوەکانی دیکە و تەنانەت بۆ خۆشیان، بەڵکوو بۆ چەوساندنەوەی نەتەوەکانی دیکە بەکاریان هێناوە، بێگومان ئەوە تایبەتمەندیی زمانی کوردیە کەلە بەرامبەر ئەم هەموو هێژمۆنەی نەتەوەی فارسی باڵادەست و حکومەتە دیکتاتۆرە یەک لە دوای یەکەکاندا کە ویستویانە بیتوێننەوە و لەناوی ببەن و لە خشتەی بەرن، بەڵام هێشتا ماوەتەوە، ئەمە سیحرێکە، ئەمە ڕازێکە،  خاوەنی گەلێک تایبەتمەندییە کە نەتەوەی باڵادەست (فارس) و حکوومەتیش لێی تێگەیشتووە و لێی دەزانێ بۆیە رێگا نادات بە فەرمی بخوێندرێت.

رۆژەڤ: پێتان وایە کاریگەریی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر گەشەی بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کوردی چۆن دەبێت؟

شەریف فەلاح: هەروەک گوتمان بێگومان خوێندن بە زمانی کوردی کاریگەریی یەکجار زۆری لەسەر دروستکردنی کەسایەتیی تاک هەیە و تاکیش وەک یەکێک لە کەسانی ناو کۆمەڵگە بێگومان کاریگەریی لە فۆرمگرتن و گەشەی شعووری نەتەوەییدا هەیە، بۆیە زمانی کوردی دەتوانێت ئەگەر بە شێوەیەکی فەرمی بخوێندرێت و هەموو منداڵانی کورد پێی بار بهێندرێن، بێگومان لە هەست و ناسنامەی نەتەوەیی و دروستبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیدا کاریگەریی یەکجار فراوانی دەبێت، یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمەی کورد کە ئەمڕۆ هەمانە، لەخۆ نامۆبوونە، واتە خولانەوە لەناو بازنەی شوناسدا، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان بەداخەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمەیە، کە ئێمە لەگەڵ پاشخانی فکری و پاشخانی ئەندێشەی کوردیدا نامۆین و خۆمان نەناسیوە، تۆ سەیری ئەو خۆنەناسینە بکەن ئەم باوەڕ بە خۆنەبوونە بکەن لەناو ئەندێشە و هزری تاکی کوردیدا بەتایبەت لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام لە ساڵانی رابردوودا جێگەی گرتووە و خەڵکی ئەو دەڤەرەی لە ناسنامەی نەتەوایەتی دوور خستووەتە.

زیندوو بوونەوەی ئەم پرسە کە زمان دەیورووژێنێ، چونکە لە دەروازەی زمانەوە شوناس بۆ مرۆڤ دروست دەبێت، ماوەی دوو دەیەیە پرسی زمان و گەشەی فەرهەنگی لەو دوو پارێزگایە گرنگەی رۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە پەرە دەسێنێت و فۆرم و ئارستەی خۆی دەگرێت.

بۆ سەلماندنی ئەوەش نمونە زۆرن، هەروەک گوتمان یەکیک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی تا ئێستا سەڕەڕای ئەو هەموو پیلانانەی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان بۆ لەناو بردنی دایانڕشتووە، لەسەر دەستی چالاکوانانی فەرهەنگی و رۆشنبیران و ئەدیبان و دڵسۆزانی کورد بووە، چ بەشێوەی (نویسیاری) چ بەشێوەی (زارەکی) ئێستاش بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد هەر لەژێر کاریگەریی گوتاری زارەکی دان، ئێوە چاو لێ بکەن لە دوو دەیەی ڕابردوودا شیعری کوردیی بە زاروەکانی (لەکی، فەیلی، کەلهوڕی و لوڕی) شانبەشانی شیعری سۆرانی، لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان پەرە دەسێنێت و خەریکە رەوتێک بەناوی ئەدەبی کەلهوڕی، فەیلی و لەکی و.. دروست بووە وە بەسەدان کتێبی شیعری و چیرۆک، ڕۆمان و ئەدەبی مندالان و لێکۆڵینەوەی فەرهەنگی و گۆڤار بەو شێوەزارانە چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بێگومان ئەوەش کاریگەریی یەکجار زۆری هەبووە لەسەر هەستی نەتەوایەتی لەم دوو پاریزگایەدا و جۆرێک لە گەڕانەوە و وشیاریی نەتەوەیی و زمانی دروست کردووە.

بەپێی ئامارێک کە لەبەردەست دایە لە دوو ساڵی ١٣٩١ و ١٣٩٢دا رێژەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە شێوەزارە جیاجیاکان لە پارێزگاکانی (کرماشان و ئیلام) کە ئەو هەمووە لە جەمسەری بزووتنەوەی فەرهەنگی و سیاسی دابڕاون دوو بەرامبەر بووە بە بەروردی ڕێژەی واتە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی بە شیوەزارەی سۆرانی لە دوو پارێزگای سنە و ورمێ، ئەمە جێگای خۆشحاڵیە، ئەمە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە ئاگایی نەتەوەیی، شعووری نەتەوەیی، گەشەی ناسیۆنالیزم لە رێگەی زمانەوە لەو دوو پارێزگایەدا لە گەشە دایە، ئەمە دەبێ حزبە سیاسییەکان، ئەو لایەنانەی کە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن ئەمە بقۆزنەوە، ئەمە پەیامێکی گرنگە کە ئەو دوو پارێزگایە خەریکە شوناسی خۆیان کە ونیان کردبوو لەناو دەیدۆزنەوە، واتە لە خولانەوەی ئەو بازنە بێ شوناسییەدا هاتونەدەر و خەریکن فۆڕم و پێکهاتەیەکی نەتەوەیی کوردی دەگرن، بێگومان هەموو ئەوانە لەڕێگای زمانەوەیە لە رێگای پەروەردەیەکی نا فەرمی لە دەرەوەی سیستمی کۆماری ئیسلامییەوەیە و ئەو هەموو سیاسەتە (ئاسیمیلاسیۆن) و دژایەتییەی کۆماری ئیسلامی لەو دوو پارێزگایە بە هەموو شێوازێک جێگیری کردووە دەیەوێ لە بازنەی بزووتنەوەی سیاسی و فەرهەگیی کورد دایانببڕێت، دیار نەیتوانیوە و نەگەیشتۆتە مەبەست و کۆماری ئیسلامی لەم پەیامە گەیشتووە، بەڵام هیشتا بزووتنەوە و چەقی بزووتنەوەی کورد لەم پەیامە نەگەیشتووە، ئێمە دەبی خوێندنەوەیەکی دیکەمان بۆ ئەم پەیامە هەبێت، ئەمە پەیامی ڕاسان و پەیامی رابوون و زیندووبوونەوەی نەتەوەی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا کورد لە بواری فەرهەنگی و لە بواری زمانییدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی وشیاریی نەتەوەیی دایە، دەبێ پێناسایەکی نوێی بۆ بکرێت، دەبێ چالاکانی فەرهەنگی ئەوانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستە و لەناو دامو دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دان لەو ئامرازانە کەڵک وەرگرن بۆ بەستنەوەی شوناسی فەرهەنگی کوردی لەو دوو پارێزگایە بۆ هێنانەوەی بۆ چەقی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان.

رۆژەڤ: زمانێک کە لە پێوەندییە ئێداری و فەرمییەکاندا حزووری نەبێت، تا چ ڕادەیەک ئەتوانێ زیندوو بمێنێ؟ سەرەڕای نەبوونی لە ناوەندەکانی پەروەردە و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکان بەگشتی، ئایا هەڕەشەی کوشتنی زمانی کوردی لە ئێران هێشتا ماوە؟

شەریف فەلاح: لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا زمانێک کەلە برۆکراسی و پەیوەندییە ئیداری و سیاسییەکاندا نەبێت، هەڕەشە لەسەر زیندەوو مانەوەی هەیە؟ بێگومان هەیە، بەڵام زیاتر هەڕەشەکە لەسەر ئەو نەتەوانەیە کە لاوازن و لەڕووی بەرهەمهێنای ئەدەبی و فکرییەوە ناچاکا بن، ئەم پرسە بە نیسبەت زمانی کوردییەوە تاقی کراوەتە و چەندین جۆر چەواشەکاری و چەندین جۆر سیاسەت و پیلان بۆ لەخشتەبردنی داڕێژراوە، بە نووسراو، بە کوشتن و بڕین و لەناوبردنی نووسەران، بە ڕاوەدونان، بە سڕینەوەی ناوە کوردییەکان و لابردنی ناوە مێژووییەکان، بەڵام زمانی کوردی هەر وەک خۆی ماوەتەوە ، خۆ زمانی کوردی لە ماوەی ٢٥٠٠ ساڵی رابردوودا لە هیچ دام و دەزگایەکی ئیداریی ئێراندا حزووری نەبووە و لە ٣٧ ساڵی کۆماری ئیسلامیشدا نەبووە، ئایا سڕاوەتەوە؟ بێگومان نا، ئەمە پەیوەندیی بە پێگە و قورسایی زمانی کوردییەوە هەیە کە خاوەن ڕیشە و پاشخانی مێژوویی و زارەکییە.

 

ڕۆژەف: لەبارەی دەستەواژەی زمانی ستاندارد و واتاکەی و جیاوازیی لەگەڵ زمانی پێوەر و یەکگرتوو ڕاتان چییە و زمانی پێوەر – هاوبەش چۆن دروست دەبێت و لە چ ئاستگەلێکدا بەکار دەهێنرێت؟

شەریف فەلاح: (زمانی ستانداردی کوردی)، من ئەم چەمکە کە لەباتی زمانی پێوەر  - هاوبەش بەکار دەهێنرێت، بەهەڵە دەزانم، چونکە زمانی کوردی خۆی لە خۆیدا زمانێکی ستانداردە، ستاندارد واتە خاوەنی هەموو پێوەر و پێناسە زمانناسییەکانە، واتە لەڕووی مۆرفۆرمۆلۆژی، سینتاکس و هەموو ئاستەکانی زمانەوە فۆرم و قەرارەی داڕێژراوی هەیە، خاوەنی ڕێنووس و ڕێزمانی تایبەت بە خۆیەتی، کەواتە ئەمە پێی دەڵێن ستاندارد، من پێم وایە زمانی کوردی خاوەنی زمانی پێوەر _ هاوبەش نییە، واتە هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندیكی فەرمی و یاساییەوە یەکێک لە شێوەزارەکانی نەکراوەتە زمانی پێوەر و هاوبەش و خاوەنی سیاسەت و دیپلۆماسیی زامنی نین، تایبەتەمندییەکانی زمانی پێوەر و هاوبەش کە لەناو دەوڵەت نەتەوەکاندا هەیە لەم ئاستانەدابەکار دەهێنرێن، زمانێک کاتێک دەبێتە زمانی پێوەر و فەرمی لە ٣ ئاستدا لەناو دەسەڵات و سیستمی حکوومەتداریدا کاری پێدەکرێت:

 یەکەم: دەسەڵاتی برۆکراسیی ئیداری، واتە ئەو زمانە لە نامە و نووسینە فەرمییە ئیدارییەکاندا دەبێت بە یەک زمان و شێوەزار بێت کە لە یاسای بنەڕەتی و ناوەندێکی فەرمی زمانناسیدا بڕیاری لسەر درابێت.

 دووەم: راگەیاندن، مەبەست لە بەکارهێنانی زمانی پیوەر لە ڕاگەیاندن بڵاوکردنەوەی زمانی سیاسی، فەرمی و بڵاوکراوەکانە ڕوو بە دونیای دەرەوە، دەنا لە زۆر وڵات جیا لە زمانی فەرمی و پێوەر، شێوەزار و تەنانەت بن زاراوەکانیشبە فراوانی بەکار دەهێنرێن.

 سێیەم: سیستمی پەروەردە، لە سیستەمی پەروەردەدا دەبێت تێبینیمان بۆی هەبێت، چونکە لەو وڵاتەی کە زمانێک دەبێتە زمانی فەرمی و پێوەر لەوانەیە دەیان شێوەزار و زاراوە و بن زاراوەی دیکەش هەبن، دەبێ تێبینیمان بۆ ئەوانەش هەبێت و لە سیستەمی پەروەردەدا بۆ هەرکام لەو شێوەزارانە بە شێوازی رێنوس و ریزمانیان هەبێت و لەبیر نەکرێن، واتە ئەوانەش شێوەزاری ئاخاوتنی خۆیان لەبیر نەکەن، بۆیەش بەمە دەڵێن زمانی پێوەر، واتە لە ئاستەکانی (برۆکراسیی ئیداری، ڕاگەیاندن، سیستمی پەروەردە) کە بەتایبەت لە سیستەمی پەروەردەدا دەبێ یەک زمان بێت و رەچاو بکرێت، سەرەڕای هەموو ئەم تێبینیانە هەڵبژاردن و دیاریکردنی یەکێک لە شێوەزارەکان وەک زمانی پێوەر و هاوبەش، کاری هیچ لایەنێکی سیاسی و دەسەڵاتدار نییە و کاری زانستیی ناوەندێکی ئەکادیمییە کە هەموو پسپۆران و زمانناسان تێیدا بەشدار بن و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تایبەتمەندییە زمانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، بڕیارێک دەدرێت کە بەرەنجامی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی لێ نەکەوێتەوە، چونکە زمان پرسێکی ژیاریی زۆر هەستیارە و ئەگەر خراپ بەکار بهێنرێت، پێچەوانەی کاریگەریی ئەرێنی، دەبێتە هۆی لێکترازانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی.

رۆژەڤ: ماوەیەک پێش ھاوکات لەگەڵ بەربڵاو بوونی پرسی خوێندن بە زمانی دایکی  لە ئاستی ئێراندا، عەلی یونسی راوێژکاری حەسەن روحانی بۆ کاروباری کەمایەتییە نەتەوەییەکان رایگەیاندووە کە "پرسی زمانی دایکی"، خواستێکی گشتیی خەڵکی کوردستان و ئازەربایجان و بەلووچستان نییە و تەنیا داواکارییەکی بەرتەسکی رۆشنبیرانەیە و لەڕاستیدا وتەکانی ھاوتەریبە لەگەڵ ھەڵوێستەکەی فەرھنگستانی زمانی فارسی لە دژی خوێندن بە زمانی دایکی. ھاوکات لە وتارێکی ماڵپەڕی ئیسنادا، بابەتێک بڵاوجکراوتەوە کە تێیدا ھاتووە کە "ئێمە بە ھیچ شێوەیەک لە ئێران، غەیرە فارسمان نییە و ھەموو فارسن و فارسیش بە واتای ئێرانییە". قسە و لێدوانەکانی یونسی، بەڕای ئێوە هەڵقوڵاوی چین؟

گریمان هەموو نەتەوەکانی ئێران بتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان لە قوتابخانەدا بخوێنن و بنووسن، ئەمە چ خاڵێکی ئەرێنیی هەیە و ترسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چییە کە ئەم ئیجازەیە نادات؟

شەریف فەلاح : سەرەتا من پێم خۆشە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسێک وەکوو راوێژکاری سەرکۆماری ئیسلامی ئێران حەسەن رۆحانی کە (عەلی یوونسی)یە ئەگەر چاو لە کارنامەی ئەو کەسە بکەین، دەبێ بزانین کێیە و لەبەرچی ئەو کەسە بەو کارنامە و ڕابردووەوە لەو پۆستە دانراوە، عەلی یوونسی سیمایەکی ئەمنی، هەواڵگری و سەربازیی ناو دەزگاکانی کۆماری ئیسلامییە، بۆچی ئەو کەسە بۆ پرسە نەتەوەییەکان دادەنرێت ؟ کە پێی دەڵێن پرسی کەمایەتی نەتەوەیی و (اقوام ایرانی)، ئەوە خۆی لەخۆیدا واتە تێڕوانینی جەوهەری کۆماری ئیسلامی کە بریتییە لە ترس و وەهمێک لە بەرانبەر نەتەوەکانی دیکەی ئێران، هەر دانانی ئەو کەسە خۆی واتە کۆماری ئیسلامی هیچ نییەتێکی خێری نییە و هیچ پرسێکی سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی ناو ئێران چارەسەر بکات، چ بگات بە پرسی زمانی دایکییان، ئەوەش کە ئایا زمانی دایکی لە ئێراندا لەناو نەتەوەکانی، کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکەمەن و ئازەری و... دا بخوێندرێت چ قازانجێکی دەبێ، من پێم وایە بەو جۆرەی کە خودی نەتەوەکان دەیانەوێ قازانجی دەبێ بۆیان، بەڵام ئەو پرۆژەیەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیەتی، نەتەنەیا هیچ قازانجێکی نابێت، بەڵکوو زیاتر دەتوێنەوە و پەراوێز دەخرێن.

لێرەدا گەرەکمە ئاماژە بە خاڵێک بکەم ئەو پڕوپاگەندانەی کە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت سیستەمی پەروەردەی لەڕێگای سەرکۆمار و وەزیری پەروەردەوە بانگەشەیان بۆ دەکات، ئەم وەزیرە لە دوایین سەفەریدا بۆ پارێزگای سنە، ئەگەر چاوتان لە ڕووماڵی راگەیاندنەکان کردبێ ئاماژەیەکی زۆر گرنگی تێدایە کە ئەگەر هەر کەسێکی وردبین ئەو هەواڵانە بخوێنێتەوە لە ماڵپەڕەکانی (ئیرنا، ئیسنا و میهر) و هەردوو ماڵپەڕەی (تەسمیم و فارسنیوز)ی سەر بە  سوپای پاسداران بڵاو کراونەوەتەوە، ڕێک پێچەوانەی هەموو بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامییە، لەوێدا دەڵێ ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی کە خاوەنی گرفتی دوو زمانن، واتە بێجگە لە زمانی فارسی زمانێکی دیکەیان هەیە، واتە زمانی ئاخاوتنیان جیایە لە زمانی فارسی، ئەڵێ ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە کە منداڵان کاتێک دەڕۆنە قوتابخانە و گرفتی دوزمانیان بۆ دروست دەبێت، بوودجەیەکی زیاتریان بۆ تەرخان دەکەین بۆچی؟ ئایا ئەو ئەو بودجەیە بۆچی تەرخان دەکات؟ ئەو دێ لێرەدا شی دەکاتەوە، دەڵێ بۆ ئەوەی گرفتی خوێندنیان لە قوتابخانە بۆ چارەسەر بکرێت، واتە بەرلەوەی بڕۆنە قوتابخانە لە "دایەنگە و ڕەوزەکان" (زمانی شیرینی فارسیی ئێرانیان فێر دەکەین!) واتە دوو جار چەوسانەوە، ئەوەش واتە دوورخستنەوەیان بەتەواوی لە کولتوور و فەرهەنگی خۆیان، کە لەڕاستیدا نەتەنیا بە ئاراستەی چارەسەریی کێشەکانە، بەڵکوو قووڵتر کردنەوەی قەیرانەکان و تواندنەوەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانە لە قاوخی فەرهەنگی بالادەستی دەسەڵاتدا.

رۆژەڤ: ئەگەر بمانەوێ لەڕووی کات و زەمەوەنەوە لێکی بدەینەوە، بەڕای ئێوە بۆچێ ئیستا کۆماری ئیسلامی دیسان باسی زمانی کوردی هێناوەتەوە بەرباس؟ واتە گرنگی ئەو پرسە لەڕووی کاتەوە لە چی دایە؟

شەریف فەلاح: ئەم پرسە لەمێژە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وکوو دروشم و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ دەکرێت و دەست و پیوەندییەکانی کە هەمان بەناو ڕیفۆرمخوازانی کوردن لەبەر بەرژەوەندیی تاکەکەسی نانی پێوە دەخۆن و لەڕاستیدا ئاو دەکەنە جۆگەی دوژمن، بەڵام لە ناوەرۆکدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ نەهاوێژراوە هەموو کاتێک هەر لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوییەوە ئەم پرسەی هێناوەتە بەرباس وەکوو لە پێشتردا باسم کرد، لەو کاتانەی کۆماری ئیسلامی زەخت و گوشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی رووبەڕووی دەبێتەوە، ئێستا چ گوشارەکە فەرهەنگی بێت، یان سیاسی و کۆمەڵایەتی، دیسان دێت بۆ خۆ ئابدەیتکردن و بۆ ڕەوایی بەخشین بە دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکان دێت ئەم مژارانە دەوروژێنێت، و بەتایبەت ئەمەی ئیستا زمانی کوردی ورووژاندوە و بەناو داوای کردووە با چالاکوانانی کورد پڕۆژەیەک پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆچی لەناو نەتەوەکانی تردا باسی ناکات، ئامانج و پلانی تایبەتی هەیە، بەڕای من بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:

 هۆکاری یەکەم: بۆ ئەو گوشار و زەختە زۆرەیەوە کە لەلایەن چالاکانی فەرهەنگی کوردەوە بە هەموو توێژەکانەوە، چالاکی فەرهەنگی هەر تەنیا مەبەستم ئەوە نییە کە ئەو کەسانەن کە دیارن و هەوڵ دەدەن لەڕێگای نافەرمییەوە زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێش بخەن، بەڵکوو چالاکانی فەرهەنگی، سەرلەبەری ئەو چالاکانە دەگرێتەوە کە لە بوارەکانی هونەری وەک "شێوەکاری، شانۆ، سینەما، شیعر، رۆمان، چیرۆک و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی.. و لە هەموو ڕەهەندەکاندا چالاکی دەکەن، دەگرێتەوە.

 هێژمۆنیی ئەمانە و بەتایبەت ڕێژەی بەرهەم و چاپی ئەدەبیاتی نویسیاری لە دوو دەیەی ڕابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەیەکی یەکجار بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمە ترسی لەلای کۆماری ئیسلامی دروست کردووە، فەرهەنگستانی زمانی فارسی وەدەنگ هاتووە، لەڕێگەی ئاگادارکردنەوەی ناوەندە بەناو فەرهەنگییەکان و ئاسایشی بالای نەتەوەیی دەڵێ ئەمە هێڵی سوورە کە نەتەوە کورد دەیبەزێنێ، چونکە لەڕێگای پەرە و گەشەی زمانییەوە دەگاتە شوناسی نەتەوەیی، دەگا بە فۆرمێک کە شعوور و وشیاریی نەتەوەیی و خەریکە باڵا دەکات و ئاراستەی جیاواز و قەوارەی خۆی دەبینێتەوە کە جیایە لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی و جیایە لە ئاراستەی ناوەندگەرێتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

بەڕای من هۆکارێکی دیکەی ئەوەی ئیستا زۆر بە چڕوپڕی و بەپەلە خەریکە باسی دەکات، یەکەم ئەوەیە ئێستا لە بەرەبەری هەڵبژاردنی خولی نوێی سەرکۆماری دان و دەیانەوێ هەندێ پڕوپاگەندەی پێوە بکەن و سەرقاڵکردنی جەماوەرە و بو گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردن بۆ دوورخستنەوەی خەڵکە لە بابەتە سەرەکییەکان، لە هەموو گرنگتر شکاندنی ئەو تینیوایەتییەی نەتەوەی کوردە لە زمانی خۆیان و دەیەوێ بە جۆرێک وابنوێنێ کە زمانی کوردی ئەو زمانە جدییە نییە کە خەڵک دەیانەوێ دەیەوێ وابنوێنێ کە ویستی خوێندن بە زمانی دایکی تەنیا ویستێکی رۆشنبیرانەیە کە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی کەمینەوە داوای دەکرێت و ویست و جەماوەر و خەڵکی رۆژهەڵاتی و کوردستان نییە.

 لە هەموو گرنگتر ئامانجی ئێران بۆ هێنانەبەرپاسی ئەم پرسە لە دۆخی ئێستادا ئەوەیە، دەیهەوێ دیسان هەروەک چۆن لە ساڵانی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و شۆڕشی گەلانی ئێراندا کاتێک لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورددا دادەنیشت، یەکەم پرسیار کە دەیان کرد ئەوە بوو کە پرۆژەکەتان چییە و با بزانین داوای چی دەکەن؟ ، چیتان ئەوێ با خێرێکتان پێ بکەین، لێرەشدا دیسان پرسیاری ئاوایان لە چالاکوانانی کورد کردووە، فەرموون ئێوە پرۆژە بدەن بزانین پرۆژەکەتان چییە، بزانین زمانی کوردی ئەو توانانەی هەیە؟ هەرچەند پڕۆژە فەرهەنگی و زمانییەکەی چالاکانی کورد لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە ەوە پەسەند دەکرێت، بەڵام کاتێک پرۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە پەسەند بکرێت، بۆچی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی؟ دیسان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕوانگە ئەمنیەتی و سیاسییەی کۆماری ئیسلامی کە بۆ کورد هەیەتی، زمانی کوردی لەلای کۆماری ئیسلامی پرسێکی فەرهەنگی و زمانی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو، پرسێکی ئەمنیەتی سیاسیە واتە هێڵی سوورە، دیسان دەچێتەوە لای جەنابی(عەلی یونسی) کە پێشتر وەزیری ئیتلاعات بووە، دیسان دەچێتەوە بەردەم بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات کە پاسدار (موحسێن ڕەزایی)یە و بە خوێنی کورد تینووە.

هۆکار و ئامانجی دیکە بەڕای من کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بیپێکێ، کە لەمێژە تۆوی دووبەرەکێی لە نیوان ئاخێوەرانی زاراوە جیاجیاکانی زمانی کوردیدا چاندووە و دەیهەوێ جیاوازییەکان زەق بکاتەوە و بە گژ یەکیاندا بدات، چونکە زمان کردەیەکی زۆر هەستیار و زۆر ناسکە، کردەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئەگەر ئەم چەمکە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ژیارییە جوان بەکار بێت، ئەوا دەبێتە هۆکاری هاوپەیوەندی نەتەوەیی، هاوپەیوەندیی نەتەوەیی بەو واتایەی کە ئەگەر زمان هەموو شێوەزارەکانی خۆی بگرێتەوە و هەموو ئاخێوەرانی لەبەر بگرێت و هەموو وەک یەک و مافی یەکسانیان پێ بدەرێت، ئەوا دەبێتە هۆکاری هاوپەیوەندیی نەتەوەیی و هەست و وشیاریی شوناس و ناسنامە و ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیی بەبێ جیاوازی دانان گەشە دەکات.

 لە بەرانبەریشدا ئەگەر خراپ بەکار بێت، دەبێتە هۆکاری لێکترازان، چونکە  پرسێکی مەوداسازیشە، پرسێکی مەوداساز بەو واتایەی زمان ئەگەر خراپ بەکار هێنرا و شێوەزارێکت وەلا نا و شیوەزارێکت بەسەر ئەوانی تردا زاڵ کرد، لەڕووی پەروەردەیی و ئاخاوتن و راگەیاندنەوە ئەوانی دیکە پەرچەکردارییان دەبێ، کۆماری ئیسلامی ئەم تووەی وەشاندووە و باش لەوە تێگەیوە کە چ پیلانێک وەڕێ بخات، بۆیە هاتووە لەڕێگەی هەستی ئایینییەوە لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و هەورامان و کرمانجی سەروو واتە ورمێ ئەم تووەی وەشاندووە، دەیهەوێ بە ئاخێوەرانی تر بسەلمێنێ کە زاراوەی سۆرانی خەریکە ئێوە قووت دەدات و ئێوە خاوەنی زمانێکی جیاوازن، کە وتی ئێوە خاوەنی زمانێکی جیاوازن، واتە نەتەوەیەکی جیاوازن و بە چڕی کار لەسەر ئەمە دەکات و دەیهەوێ پرسی ناوچەگەرایی و زاراوەگەری زەق بکاتەوە.

کۆماری ئیسلامی بە ورووژاندنی ئەم باسە دەیەوێ بە هەڵگرانی ئەم پرۆژەیە بسەلمێنێ و بڵێت ئێوە هێشتا خۆتان ساغ نەکردووەتەوە کە کام شێوەزاری زمانی کوردی و کام لقی شێوەزارەکانی زمانی کوردی دەرسی پێ بخویندرێ، دەیەوێ هەستی ئایینی لە کرماشان و ئیلام و هەستی ناوچەیی و هەستی شێوەزاریان بورووژێنێ و پەرچەکردارێک بخاتەڕێ کە رووبەڕووی شێوەزاری سۆرانی ببنەوە، کە لێرەدا کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دروست دەبێت، لێکترازانێکی گەورەیی نەتەوەیی لەنێو کورددا دروس دەبێت، ئەگەر چالاکانی فەرهەنگی کورد وریا نەبن و ئاگاداری ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامی نەبن، نەتەنیا هەوڵەکانیان بە ئاکام ناگات، بەڵکوو هەوڵە چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر شەق دەخاتە نێو کۆمەڵگەی کوردی و لێکترازانی نەتەوەیی و زمانی دروست دەبێ کە بە ئاسانی چارەسەر نابێت.

 هەروەک ئێمە دەزانین لێکترازان و شپرزییەکی زمانی لە باشووری کوردستان هەیە، ئەگەر چالاکوانانی فەرهەنگی کورد کە هەڵگری ئەم پرۆژەیەن ئەگەر لە مۆدێلی باشوری کوردستان کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەی کە دیسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو مۆدێلی دوو زاراوەییە دووبارە بکەنەوە، مەترسیەکی زۆر دێتە گۆڕێ و دەبێ زۆر بە وریایی و زۆر بە هەستیاری رووبەڕووی ئەم پرسە ببنەوە.

رۆژەڤ: ئایا پێتان وانییە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ زمانی کوردی مۆدیرییەت بکات؟ واتە بۆ ئەوە تێدەکۆشێت ئایدۆلۆژیای خۆی  لەڕێگەی زمانی کوردییەوە بخاتە ناخی مناڵانی کوردەوە؟

شەریف فەلاح: پێشتریش هەندێک ئاماژەمان بەم پرسە کرد، بەڵێ وایە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ پرسی فێربوون لەڕێگەی زمانی کوردی، لە پرسی پەروەردە بە زمانی زگماکی جیا بکاتەوە، دەیەوێ بڵێ تەنیا پرسێکی ڕووکەشانەیە و پرسێکە دەیهەوێ رێنووس و رێزمانیان بە شێوەزاری خۆیان بێت، دەنا ناوەرۆکیان ناوێ، ناورۆکی ئەوان هەمان ئایدۆلۆژیای ئێمەیە، بەڵێ ئەوان دەیانەوێ مودیریەتی پرسی زمانی کوردی بکەن، بەڵام ئەم مودیریەتە چەواشەکارییە مودیریەتێکی کوشتنە، مودیریەتێکی لەخشتەبردنە، مودیریەتێکە کە ئێمە ئەزموونمان کردووە، خۆی ئەزمونی کردووە ٣٧ ساڵە کۆماری ئیسلامی لە دامودەزگا و راگەیاندنەکانی خۆیەوە هەر لە رادیۆی کرماشانەوە بگرە تا دەنگ و ڕەنگی سنە، مەهاباد، ڕادیۆی کوردیی تاران و بەشی کوردیی ڕایەڵەی سەحەر و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە ئاسمانییەکان لە سنە، کرماشان و ئیلام و ورمێ و.. ئەمانە شێوەزارەکانی زمانی کوردی بەکار هێناوە بۆ رووماڵی هەواڵەکانی خۆی و باسکردنی هەندێ پرس و چالاکی رۆژانەی خۆی لە پارێزگاکانی کوردستانیان هێناوەتە بەرباس، بۆیە نەیویستووە هیچ کاتێک زمانی کوردی بە شێوەیەکی جیددی نیشان بدات.

ئێوە چاو لە ئەو بەرهەمانە بکەن کە کۆماری ئیسلامی لە دەنگ و ڕەنگەکانی خۆیەوە بە زمانی کوردی و شێوەزارە جیاوازەکانەوە بەرهەمی دەهێنێت، هەر لە کەناڵی ئیلامەوە بگرە، کە پار ئێمە بینیمان چ شانۆیەکی سووکایەتی بە کورد دروست کرد کە کورد بە چۆلەکەیەک نیشان دەدات کە بێ ئەقڵە وای دەنوێنێ کە کەسێکی گەمژەیە و خاوەنی هزر نییە، ئەمانە هەڵگری گوتاری ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامین، هەروەها ئەو شانۆیانەی کە لە دەنگ و ڕەنگی سنەوە بڵاو دەبنەوە بە شێوەزارەکانی زمانی کوردی بۆ شانۆیەکی جیدی نین؟ بۆ نایەوێی شانۆیەکی لەڕووی تایبەتمەندییەکانی شانۆییەوە بە شێوەزارێکی کوردی بە ڕێکوپێکی پیشان بدات، هەمیشە ئەو شانۆیانە دەخاتەڕوو کە تیتاڵی و گاڵتەجاڕین، بۆیە دەیەوێ وای بنوێنی کە زمانی کوردی زمانێکی جیدی نییە و تەنیا بۆ گاڵتەکردن و رابواردنی خەڵکی و سەرگەرمیی خەڵک بەکاردێ، ئەمە سووکایەتیە، ئەگەر بچیتە قووڵایی نیەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئەوا دەبینین لە سووکایەتی زیاتر هیچ شتێکیتر زیاتر پێی نییە بۆ زمانی کوردی.

رۆژەڤ: هەر وەک دەزانین جوگرافیای ئێران چەند نەتەوەی جیاواز و زمانی جۆراوجۆری تێدایە، بەڵام زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمیی وڵات دیاری کراوە،

پێوەرەکان و هۆکارەکانی ئەو هەڵبژاردنە چییە؟ هەروەها ناوەندگەرێتیی دەسەڵات و سیستەمی بەڕێوەبەریی وەزارەتی پەروەردە لە ئێران چۆن چۆنییە، ئایا کاریگەریی لەسەر دۆخی زمانی نەتەوەکانی دیکە دەبێت؟

شەریف فەلاح: وایە جوغرافیای ئێران جوغرافیایەیکی فرە نەتەوەیە، کۆماری ئیسلامی بۆیە ئێستا ئەم پرسەی تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێناوەتە بەرباس بۆچی لە بەلووچستان، بۆچی لە ئەهواز، بۆچی لە پارێزگاکانی دیکەی تورکنشین واتە ئازەری زمان کە زیاتر لە ٤ پارێزگا دەگرێتەوە ئەم پرسەی نەهێناوەتە بەرباس، من لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشووتردا کە بۆچی کۆماری ئیسلامی لەڕووی کاتەوە ئەم پرسەی هێناوەتە بەرباس، لەبیرم چوو ئاماژە بە پرسێکی زۆر گرنگ بکەم، کۆماری ئیسلامی لەڕووی سیاسیەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زەختێکی یەکجار گەورەی لەسەرە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی کردووە بە راسانەوەیەکی نوێ، دەستی داوەتە دیسان خۆ خوێندنەوەیەکی نوێ لە پرسی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، وە لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات و حزبەکانی دیکە دەیانەوێ پاش ٢٠ ساڵ لە راگرتنی خەباتی چەکداری و پاش ٢٠ ساڵ لە غیاب بوون لەناو چەقی بزووتنەویە کورددا ئێستا دیسان بڕۆنەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک یەک بگرنەوە و دیسان گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ هەموو جەمسەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەک بگرێتەوە، کۆماری ئیسلامی بۆ پەرچەکرداری ئەم ڕاسانە دەیەوێ وابنوێنێ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا پرسێکی وردە فەرهەنگە، بۆیە دەیەوێ خەڵک بەوە سەرگەرم بکات بڵێ بەڵێ کورد مافیان دراوە و هیچ کێشەیەکی سیاسیان نییە و بە زمانی خۆیان دەخوێنن و گۆرانی دەڵێن و هەڵدەپەڕن و زۆر شتی دیکە..

هەموو کات کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی عەشیرەگەری و بۆ پرسی ناوچەگەرێتیی بۆ پرسی وردە فەهەنگەلێک کە هیچ گرفتێکی ئەمنیەتی بۆی نییە ‌هێندە خەرج دەکات بەپانەوە خۆی و هەموو دامودەزگاکانی دەخاتە ئیختیاری، ئێوە چاو لە رووماڵی هەواڵەکانی ئەو بەشانە بکەن کە بە کوردی بڵاو دەبنەوە، یا فێستیڤاڵی گۆرەوی بازییە، یا فێستیڤاڵی قەمچانە، یا فێستیڤاڵی یارییە ناوچەییەکان، من ناڵێم ئەمانە  گرنگ نین بۆ کورد، بەڵام لە ئەولەویەتدا نین، ئێمە زمانمان لە ئەولەویەتی هەموو شتێک دایە، چونکە ئاگایی و وشیاریی نەتەوەیی لە رێگای زمانەوە دروست دەبێت، وەک چۆن دەڵێن زمان رۆحی نەتەوەیە، ئەگەر رۆح لەبەری نەتەوە نەمێنێت، ئیدی نەتەوە مانای نییە، بۆیە ئێمە بەرلە هەموو شتێک دەبێ زمانمان زیندوو بکەینەوە، بەرلە هەموو شتێک دەبێ شعوری نەتەوەییمان لەرێگای پەروەردەیی زمانییەوە باڵا بکات و گەشە بکات هەتا بگات بە وشیارییەکی نەتەوەیی تا نەتەوەی باڵادەست نەتوانێت بمانچەوسێنێتەوە، بە چەشنێک تاک لە خۆنامۆبوونە شوناسییە ڕازگاری بێت و بە زمان و ئەندێشەی زگکماکی بیر بکاتەوە.

رۆژەڤ: ئایا زمانی کوردی توانیویەتی لە ئاستی ئەو هەڕەشە ستراتیژیکە دوور مەودایەی کەلە چوارچیوەی پیلانی ئاسیمیلەی نەتەوەی باڵادەستدا لەسەریەتی بەرگری بکات و بە جۆرێک رزگاری بێت لە فەوتان؟ ، ئایا لەو لایەنەوە هەوڵی ئەدیب و نوسەران لەلایەک و لەلایەکی ترەوە لایەنە سیاسییەکان چۆن دەبینن؟ لەو پەیوەندییەدا پرۆژەی چالاکوانانی فەرهەنگی کورد بۆ پرسی خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکان لە چ ئاستێکدا دەبینن؟ پڕۆژەکانی چالاکوانانی فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژهەڵات تا ئێستا چی بووە و چەند قۆناغی بڕیوە؟ ئەرکی چینی نووسەران و شاعیران ڕۆژهەڵات لەم نێوەدا چییە؟

شەریف فەلاح: هەموو ئەو بانگەشانەی بۆ خزمەت بە ئایدۆلۆژیا و بەتایبەت زمانی باڵادەست و کولتووری فارسییە، هەروەک وتم دانانی کەسێکی ئەمنیەتی - سیاسی بۆ پرسی کەمایەتییە نەتەوییەکان واتاکەی ڕوونە، واتە پرسی نەتەوەکان لە ئێران پرسێکی ئەمنی - سیاسییە و سەربازییە لەلای ئەوان هێڵی سوورە، بۆیە کەسێکیان داناوە کە پێشتر وەزیری ئیتلاعات بووە، ئەمە واتاکەی روونە، بۆیە دەیانەوێ لەرێگای بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە خزمەت بە زمانی فارسی بکەن، زمانی فارسیش لە خزمەت ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی دایە، هەموو پرسێک لە چوارچێوەی ئیراندا لە خزمەت پاراستنی سیستەمی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیه دایە لەمە بەدەر هیچ کەسێکی بۆی گرنگ نییە، تەنانەت ئەوان کەسە نزیکەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لەلایان گرنگ نەبوو، چونکە بەرژەوەندیی ویلایەت فەقیه دەکەوتە مەترسییەوە.

 ئایا زمانی کوردی توانیویەتی لە ژێر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن خۆی رزگار بکات؟ من پێم وایە تا حەدێکی زۆر بەڵێ، چونکە تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی هەروەک پێشتر باسمان کرد تایبەتمەندیگەلێکی ژیاری و فەرهەنگی و لەڕێگای ئەدەبیاتی زارەکییەوە لە زەین و ناخودئاگای کورددا جێگەیان گرتووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە هەوڵە چەواشەرییەکانی خۆی هەر بەردەوام بووە و لە هیچ پیلانێک درێغیی نەکردووە.

لەو پیلانانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوەی شوناسی ئێمە دایناوە، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی جەوهەر و ڕەوایی خۆی لە نەبوونی بەرامبەرەکەیدا دەبینێتەوە، واتە سیستەمی دەسەڵات ئەگەر لە بەرامبەری خۆیدا هێژموونییەکی فەرهەنگی و سیاسی و زمانی ببینێت خۆی لە مەترسیدا دەبینێتەوە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بیسڕێتەوە، کۆماری ئیسلامی نەهاتووە لە هەر ماڵێک یەک دانە مەئموور دابنێت و بە زەبری شمشێر بیهەوێت زمانی خۆت بەکار بێنێت، ئەو ئیزنی بە من و تۆ داوە زۆر ڕاحەت قسە و ئاخاوتنی ئاسایی رۆژانەی خۆمان دەکەین لەناو کۆڵان، لەناو ماڵان و بازاڕدا ئازدین لەوە، بەڵام هاتووە لەڕێگای ئایدۆلۆژیای راگەیاندنەوە لە رێگای سیستەمی پەروەردەوە فکری من و تۆی بە لاڕێدا بردووە ئەندێشە و تێڕوانینی من وتۆی بەلاڕێدا بردووە، من و تۆ بە کوردی قسە دەکەین، بەڵام ئەندێشە و بیرکردنەوەمان فارسییە، من و تۆ بە فارسی لێمان دەدەن، بەڵام بە کوردی دەگیرین، کاتی خۆی (ئیبراهیم یوونسی) نووسەری کوردی فارسی نووس دەیوت "منداڵانی کورد لە قوتابخانەکانی ئێران بە فارسی لێیان دەدرێت و بە کوردی دەگرین)، ئەمە تراژیدیایەکی زۆر گەورەیە، هەڵگری واتایەکی زۆر قووڵە بۆ؟ چونکە ئێمە تەنانەت بیرکردنەوەمان فارسییە، قسەی ئاخاوتنی رۆژانەمان کوردییەکی تژی لە فارسییە، واتە چۆن دەڵیم فارسییە؟ کوردیە بەڵام شێوازی رێزمانی و دەڕبڕینی و داڕشتنی فارسییە و واتایەکی فارسی و غەیر لە فەرهەنگی من و تۆی تێدایە، ئێمە دەبێ ئەمە نەهێڵین، چۆن دەکرێ ئەمە نەهێڵین؟ تەنیا لەرێگای زمانەوە دەکرێت و دەگەینە ئامانجی خۆمان.

 چالاکوانان و رۆشنبیرانی کورد کە ئیستا ئەم پرۆژەیان پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی کردووە، تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ ئێستا ئەمە هەر لە دەیەکانی شەستی هەتاوییەوە چالاکانی فەرهەنگی کورد کە بینیان کۆماری ئیسلامی خەریکی سڕینەوەی زمانی کوردی  و لەخشتەبردنی فەرهەگی کوردە، بە شێوازێکی خۆڕسک و لە دەرەوەی سیستەمی پەروەردەی ئێران دەستیان کردووە بە چالاکی فەرهەنگی و هەر لە دانانی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانەوە لە ساڵانی ١٣٦٨ەوە بگرە هەتا چالاکییەکانی دیکە، یان دروستبوونی (ناوەندی سەلاحەدینی ئەیووبی) و گۆڤاری سروە لە ورمێ کە مامۆستا هێمن ئەدیب و شاعیری ناسراوی کورد داینا، هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئامانجی دیکەی لێ هەبووە و لە کاتی خۆیشی لەلایەن ئەحزابی کوردییەوە بە خراپ لێکدانەوەی بۆ کرا و بە جۆرێک وتیان لە خزمەتی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دایە، هەرچەند نیەتی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە سەرپۆش لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد دابنێت، بەڵام زیرەکیی مامۆستا هێمن و ئەو کەسانەی لەگەڵیدا ئیشیان دەکرد (سرووە )بووە دەستپێکی قۆناغێکی گرنگ لە ڕاسانەوە و بووژانوەی زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەڕاستیدا پرۆسەی گۆڤاری (سروە)، دەتوانین وەکوو یەکەم بنەماکانی چەکەرەکردنی زمان، یەکەم بنەماکانی داڕشتنەوەی فەرهەنگی کوردی و دانانی بەردی بناغەی ڕۆژنامەگەریی ئەدەبیی کوردی پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەقەڵەم بدەین. ئەو کارە گرنگەی کە گۆڤاری سرووە و ئەو پێشمەرگە فەرهەنگییانەی کە لە پشتی بوون و بەڕیوەیان دەبرد، هەموو پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی کردە بڵقی سەرئاو، تەواوی ناوەرۆکی گۆڤاری سرووە بێجگەلە سەروتارەکەی، هەموو لە خزمەتی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی کوردی دایە، ئەگەر رۆژێک بێت و مێژووی ئەدەبیاتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو پارچەکانی کوردستان بنوسرێتەوە، بەبێ ناوهێنان و بەبی ئاماژەکردن بە مێژووی پرشنگداری گۆڤاری سرووە، هیچ واتایەکی نییە.

 ئەو قوتابخانەیەی کە سرووە دایمەزراند، پاشان بوو بە هەوێنی دروستبوونی ئەنجومەنە ئەدەبیەکان لە هەموو شار و شارۆچەکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە پیمان وایە ئەنجومەنە ئەدەبیەکان لەلایەن ئیرشادی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچوو، نەخێر تەنیا بە رواڵەت ساڵانە مانگانە پەنجا هەزار تمەنیان بە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان دەدا کە ئیستاش خەرجی مانگانەی منداڵێک ناکات، ئەو ئەنجومەنانە بە بەرنامەی هەفتانەی خۆیان و بە رێکخستنی کلاسی نافەرمی زمانی کوردی، قوتابخانەی بووژاندنەوەی زمانی کوردیان لە رۆژهەڵات دامەزراند، دەیان و سەدان چالاکی فەرهەنگی و ئەدیب پێگەیشتن کە هەموویان قوتابی و شاگردی  ئەنجومەنەکانن و ئیستا لە کەڵە نووسەرانی کوردن و هاوکات چالاکی سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی لەناو جەرگەی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانەوە سەریان هەڵداوە.

بۆیە من پیم وایە ئەو ڕەوتە خۆڕسکە ئاساییەی کەلە دەرەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بۆ خزمەت بە زمانی کوردی دروست بووە، بەرهەمی ٣٧ ساڵ خزمەتی هەموو چالاکانی فەرهەنگییە، نەک خزمەت و هەوڵی چەند کەسێک کە تەنیا بە ڕەجی سەرشان و بە شانازی ئەوانی بزانین، دیارە هەوڵ و ماندبوونی هەموو کەسێک جیگای پێزانین و رێزە، بەڵام ئەم پرۆسەیە زەختێکی ٣٧ ساڵەیە کە لەسەر کۆماری ئیسلامی هەبووە کە ئیستا خەریکە دەگاتە بەرهەم، ئەو کەسانەی ئەم پرۆژەکەیان داڕشتووە و من دەیانناسم و لە دڵسۆزییان لە توانایی و لە نیەتی خێریان هیچ شک و گومانێک نییە، لە بەرامبەردا نییەتی کۆماری ئیسلامی شەقکردنی زمانی کوردییە، من پێم وایە ئەوان سەرەنجام ئەم پرۆژەیە دەڕواتە لای ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و لەوێدا بە ناقازی و بە بەرتەسک کردنەوەی پەسەند دەکرێت و زۆر خاڵی گرنگی لێ لادەبرێت و ناوەرۆکەکەی دەبێتە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی، و بەشێکی زۆر بەرتەسکی دەبێتە مێژووی ئەدەبی کوردی کە ئەویش لە ژیاننامەی شاعیرەکان زیاتر تیناپەڕێت.

ئەوانەی کە من دەیڵێم ئەوە تێگەیشتن و تێڕوانینی منە و نابێ بە شێوازیکی موتڵەق چاوی لێ بکرێ، رەنگە من کە ١٥ ساڵە لەو کۆمەڵگایە دوورم و نازانم، یا خویندنەوەی من خراپە بۆ کۆماری ئیسلامی، یان ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، بۆیە من هیوادارم بەهەڵەدا چووبێتم، هیوادارم نییەتی کۆماری ئیسلامی خیر بێت، بەڵام ئەوەی من تا ئیستا بینیومە و تێگەیشتبێتم تێراوانین و ئایدیای سەرانی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت زمانی و فەرهەنگی کوردی هێڵی سوورە، نییەتی تەنیا شەقکردنی کۆمەڵگای کوردییە و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییە، بۆچی ئێستا لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە پارێزگای سنە پرسی زمانی کوردی هێناوەتە بەرباس، ئەمە ناوەرۆکی ئامانجە سەرەکییەکەی ئێرانە کە من دەمەوێ قسەی لەسەر بکەم.

هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە فکرێکی لەناو جوغرافیای سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان جێخستووە، کە دەڵێ (ئوستانی کوردستان)، مەبەستی ئەوەیە کە چوار پارێزگاکەی تر (کرماشان، ئیلام، ورمێ و لوڕستان) واتە چوار پارێزگای گەورەی کوردستان پێیان بڵێی (مناطق کردنشین) واتە ناوچەگەلێکن کە کورد تێیدا نیشتەجێبوونە و لە بنەڕەتدا خاک و موڵکی کورد نین، لە ڕوانگەی ئێرانەوە تەنیا ئەو شوێنەی کە هەمووی کوردە تەنیا پارێزگای( کوردستان)ە کە ئێمە پێی دەڵێین (سنە)، هێنانە بەرباسی ئەو باسە تەنیا لەو پارێزگایە جەوهەر نییەتی کۆماری ئیسلامیە و دەیهەوێ تۆوی دووبەرەکێ لە نیوان ناوچەکانی دیکە و پارێزگای سنەدا دروست بکات، واتە کێشەی جیاوازی و شیوەزارە ناوچەییەکان، هەروەها پرسی جیاوازی دینی بورووژێنێ، دەیهەوێ لێرەوە بگات بەو مەبەستەی خۆی کە هەمان بە ئەنجام نەگەیشتنی پرسی زمانی کوردیە، لەسەرووی هەموویەوە دەیهەوێ بیروڕای گشتیی رۆژهەڵاتی کوردستان بەلاڕێدا بەرێت، دووریان بخاتەوە لە جەمسەری کێشە سیاسی و نەتەوەییەکان کە کە ئامانجی سەرەکیی کوردە، کە ئێمە نەتەوەیەکی جیاوازین لە نەتەوەی فارس.

رۆژەڤ: کەواتە ئەو هەوڵانە دەتوانن ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بن لەبەردەم هەڕەشەی سیاسەتی شۆڤینیزمانەی حکوومەتی ئێران؟

شەریف فەلاح: بێگومان وایە هەوڵێکی گونجاو دەبن، چونکە کۆماری ئیسلامی هەروەک لە جەوهەریدا دیارە هەتا زەختی لەسەر نەبێت، تاکوو هەست بەوە نەکات لەلایەن نەتەوەیەکی دیکەوە هەڕەشەیەک رووبەڕووی ئەمنیەت و ئاسایشی نەتەوەیی نەبێتەوە، دەست ناداتە چالاکی و پەرچەکردار، بێگومان پەرچەکردارەکانی کۆماری ئیسلامییش بە نیەتی چارەسەر و ڕیشەکیش کردنی کێشە و ئاستەنگەکان نین، بەڵکوو پەرچەکردارەکەی ئەو پەرچەکردارێکی هەڕەشە ئامێزە و دەیەوێ بە شێوازێکی نەرم ئامێری و چەواشەکاران و سیاسیانە و بەهەمان توانایی زمانی و فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە لەناو فەرهەنگی زاڵدا بتوێنێتەوە، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لە رێگای ورووژاندنی هەستی زمانی و نەتەوەیی کوردەوە هەوڵەکانی چالاکانی فەرهەنگی کورد دابمرکێنێتەوە، بڕوانن دانانی بەشی کوردیی هەوڵدەریی (میهر)، دانانی بەشی کوردیی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە تاران و لە ڕایەڵگەی سەحەر سایتێکیان هەیە کە هەمووی کوردیە، بەڵام زۆر بەدەگمەن دەبینی ناوەرۆکی هەواڵ و چالاکی و بابەتەکانیان پەیوەندیی بە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبێت، سەرلەبەری ئایدۆلۆژیای حکوومەت و چالاکیی رۆتینی ڕۆژانەی کۆماری ئیسلامییە، ئەو دەیەوێ بڵێ بەڵێ زمانی کوردی لە ئێران ئازادە و بەکار دەهێنرێت، بەڵام زمانی کوردی چۆن بەکار دێت و لە بەرژەوەندیی ئایدۆلۆژیای کێ دایە، ئایا زمانی کوردی نەکراوەتەوە ئامراز؟ بێگومان کراوەتە ئامراز، ئێران دەیهەوێ وابنوێنێ هەستی من و تۆ کە هەستێکی تینوویە لە فەرهەنگ و زمانی خۆمان وشکی بکات، ئەو دەیهەوێ ئەو هەست و تینوێتی و کانیاوە کە لەمێژە خەریکە بتەقێتەوە کە کانیاوی تینوێتیی زمانی کوردییە، سەرچاوەکەی وشک بکات و نەهێڵیت کانیاوەکە بگاتە ئاقار و بیابانی ویشکەڕۆی تینووی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەیهەوێ بیکاتە زنە، زنەش ناگاتە بیابان، بێگومان وشک دەبێت، ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە و ئامانجی چەند ساڵی رابردووی هەر ئەوە بووە.

کۆماری ئیسلامی لە زمانی کوردی دەترسێ لە گەشەکردنی دەترسێ، چونکە وشیاریی نەتەوەیی گەشە دەکات، تاکی کورد شوناسی خۆی لەناو زماندا دەبینیتەوە، کە شوناسی خۆیشی بینییەوە، ئیدی لەناو بازنەی بێ شوناسیدا رزگاری دەبێت، ئەگەر ڕزگاریشی بووە، بێگومان نا بە کۆماری ئیسلامی دەڵێ، بۆیە هەیمشە هەوڵەکانی چەواشەکارانە، پیلانگێڕانە بووە، کاتێک دێت لە زانکۆی ئازادیی ئیسلامی سنە دوو واحیدی ئیختیاری دانا و پاش سێ مانگ فەشەلی هێنا، ئەمە سووکایەتییە ئەگەر زمان زمانە بۆ دەبێ بڵێی ئیختیاری بێت؟، ئەگەر مافە، ئەگەر زمانە، زمانە دەبێ لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنەوە بخوێندرێت، بە شێوازکی فەرمی، نەک لە ئاستی باڵای زانکۆدا، قوتابی 16 ساڵ دەخوێنێت،  لەگەڵ زمانی فەرەنسی، ئینگلیزی و فارسی.. ئاشنا دەبێت، بێجگەلە زمانەکەی خۆی نەبێ، ئەمە سووکایەتییەکی گەورەیە، نابێ کورد ئەمە قبووڵ بکات، دەبێ وەک ماف داوای بکات، وەکوو مافی سەرەتایی و سروشتی داوای بکات نەک وەکوو خێر و خێرات.

ڕۆژەڤ: ئەرکی ڕۆشنبیران، زمانزانان و بەگشتی حیزبە کوردییەکان چییە؟ دەبێت چی بکەین ئەوەی لە خوێندنگەی ئێراندا بە منداڵەکانمان دەگوترێ و چۆن لە مێشکیاندا دەریبێنینەوە و دیسان شتی تریان پێ بڵێینەوە و تێیان بگەیەنین؟ بەگشتی ئەو هەنگاوە نزیک مەوداو و دوورمەودایانەی کە پێویستە لەو بارەوە بنرێن چین؟

بێگومان خوێندنی زمانی دایکی لە قوتابخانە یەکێک لە ڕێکارە کاریگەرەکانە، بەڵام ئێستا کە سیستەمی سیاسیی ئێران ئەو دەرفەتەی نەداوە، لە چ ڕێگا و ڕێکارێکەوە دەتوانین زمانی کوردی بپارێزین؟

شەریف فەلاح: ئەوەی کە ئەرکی ڕۆشنبیران و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردسستان چییە، پێم وایە دوو شتی لێک جیاوازن، یەکەم ئەرکی رۆشنبیرانی کورد ئەوەیە لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکانە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەحزابی سیاسییە، چونکە ئەمە خاوەنی باکگراوەندێکی مێژووییە، لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بە هەموو مێژووی کورددا بگەڕێت هیچ میرنیشنێک هیچ دەسەڵاتێکی ناوچەیی، هیچ حکوومەتێکی کوردی کۆماری کوردستان لێ بەدەر، کە ئەو هەڵگری گوتارێکی فەرهەنگی بوو چونکە دامەزرێنەرانی کەسانی فەرهەنگی و زمانەوان و ئەدیب و نووسەر و فەرهەنگی و هەڵگری ئایدیا و خوێندنەوەیەکی فەرهەنگی بوون، هیچ دەسەڵاتێکی ناوچەیی و هیچ میرنیشینێک هەڵگری گوتارێکی فەرهەنگی و زمانی نەبووە، هەموویان لە پەرچەکرداری زوڵم و زۆرەوە دروست بوون و ویستوویانە کیانی سیاسی دروست بکەن، بەڵام خاوەنی گوتاری فەرهەنگی نەبوون، بۆیە ئیستاش ئەحزابی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دیارە لە بەرنامە و پێڕەویاندا خاوەنی بەرنامەی فەرهەنگی هەن، بەڵام بەو شێوازە کە دەبێ کاری فەرهەنگیان لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان نەکردووە، ئەمەش خۆی هۆکاری زۆرە بەهۆی دووربوونیانە لە خودی جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاخۆ ئەرکی سەرەکیی ئەحزابی کوردی چییە؟ لێرەدا دەبێ رۆشنگەری بکەن، ئەحزابی کوردی دەبێ لە رێگای راگەیاندنەکانیانەوە هەموو ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی کە بۆ ئاسیمیلەکردنی زمان و فەرهەنگی ئەدەبی کودی لە رێگای ئایدۆلۆژیای خۆیەوە لەناو سیستەمی پەروەردەدا لە مێشکی منداڵانی کورددا دەچەسپێنێ، بسڕنەوە و لەقاوی بدەن، لەرێگای جۆراوجۆرە ناوەرۆکی ئامجی پشتی پەردەی سیاسەتەکانی بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە، رۆشنگەری بۆ کورد بکەن و بەتایبەت رۆشنبیرانی کورد لە ناوخۆ دەبێ بە درێژەدان بە رەوتی فێرکاری لە دەرەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی هەروەک تاکوو ئێستا 37 ساڵە ئەنجامیان داوە، من پێم وایە ئەو رەوت و پرۆسە ئاساییەی خۆیان بپێون زۆر بەنرخ و زۆر کاریگەرتر دەبن، هەروەک تاکوو ئێستا کاریگەر بوون، هیچ ئیمکانیات و پێویستییەک و هیچ ناوەندێکی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی خزمەت بە چالاکانی کورد ناکات.