بە باڵای شاخا تا قووڵایی دەشت،

گڕای گڕ دووری.

***

لە زەنوێری چیاوە تا قریوەی شار،

بڕای بڕ تاسە،

لێوڕێژ لە زڵەی زەمان،

لێوان لێو ترس.

***

لە لێوارەی بێ‌ ئوقرەیی پرسیاری رووت،

تا بێشەڵانی پیر

گوڕای گوڕ سەبووری.

***

حەسرەتی ماچی تەوێڵی

 نیشتمان و ئەم هەموو پاڕانەوە،

تا یەلدای دووریتان پڕین لە خۆزگە،

تا بن میچی ئاسمانی شاخ

دۆڵا و دۆڵ گورگ

***

هەرێمی رۆحی كوێستان و

كازیوەی تەزیوی، تەریكی تاریكی

پڕاوپڕ رووناكی

***

جەزبەی عەشقی مناڵی،

سێبەری یادێك و كوڵۆڵیی

خەونە ئەرخەوانییەكان،

تا بەرەبەیانی گەورەییمان

پەڕانپەڕ دار.

***

هێور بەوە

جادەكان پڕن

لە زایەڵەی سەفەر،

رێگاكان تژین لە حەیرانی

كیژێكی چاو سەقەری نامەبەر.

***

گوژمێك هات و

بادەی تاڵی ئەم خۆزگەیەش

نەگەیشتە لێوی وشكی

تاسەبار و پڕ سەبووریم.

20ی خەزەڵوەری 1390ی هەتاوی